کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد - وریا حسێن
ھەرچەندە شاندێکى وەزارەتى بازرگانی و گەنجینەى ئەمریکا بە فەرمی لیستێکی تایبەت بە سزاکانیان داوەتە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەڵام تائیستا بەرپرسانی حکومەت ھیچ لیستێکیان ئاڕاستەی خاڵە گومرگییەکانی ھەرێم نەکردووە، بەگوێرەی وتەی جێگری سەرۆکی یەکێتی ھاوردە و ناردەنیکاران، "بەمزوانە چەند کۆمپانیایەکی کوردی و عێراقی دەخرێنە لیستی ڕەشی ئەمریکاوە".
کۆتایی ساڵی ڕابردوو پاش سەپاندنی قۆناغی یەکەمی سزا ئابورییەکانی سەر ئێران، شاندێکى وەزارەتی بازرگانی و گەنجینەی ئەمریکا سەردانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کرد و بە فەرمی لیستی تەواوی سزاکانیان پێشکەشی حکومەت کرد و داویان کرد ھەرێم جێبەجێیان بکات.
"کوردستان خۆی لە جێبەجێکردنی سزاکان بواردووە"
بەگوێرەی زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی ناس کورد، ھەرێمی کوردستان خۆی لە جێبەجێکردنی سزاکان بواردووە و تائێستا ھیچ ھەنگاوێکی لەوبارەیەوە نەناوە سەرباری پێداگریی ئەمریکیەکان بۆ جێبەجێکردنیان.
شاخەوان ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ لەوبارەیەوە ئەوەی بۆ ناس کورد پشتڕاستەکردەوە، تائێستا ھیچ لیستێکى سزاکان بەدەست ئەوان نەگەشتووە تاوەکو پابەندبن پێیەوە و وتی "ئاڵوگۆڕی ھەموو جۆرە کاڵایەک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامی ھەیە، ھیچ کاڵایەک نەخراوەتە لیستی سزاوە".
هاوکات بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ لەبارەی ھاوردە و ھەناردەی نەوت و پێکھاتەکانیشیەوە نەیشاردەوە وەک خۆی بەردەوامی ھەیە و وتی، "ھیچ ڕێگرییەک نیە لەوەی نەوت و پێکھاتەکانی ئاڵوگۆڕ نەکرێن".
.
"هیچ فەرمانێک بۆ دەروازە سنورییەکانی نێوان هەرێم و ئێران نەچووە"
ھاوکات حسێن ئەحمەد، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخانیش جەختی لەسەر ھەمان پرس کردەوە و وتی، "تائیستا ھیچ لیستێک نەھاتووە بۆ مەرزەکان لەبارەی سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ھاوردەکردنی کاڵای ئێرانی".
بەگوێرەی زانیاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی بۆ (ناس کورد) ئەو شاندەى کە لە وەزارەتی بازرگانی و گەنجینەی ئەمریکاوە ھاتووە، لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی دارایش کۆبووەتەوە و لیستەکەیان پێدوان، ئەو وتیشى، "لە کۆبونەوەکەدا بەفەرمی بە ئەمریکیەکان وترا ئێوە لەکاتی ڕیفراندۆمدا لەگەڵ ئەوەبوون دەبێت خاڵی سنوری و فڕۆکەخانەکان مەرکەزی بێت، بۆیە ئێستا ئێمە ئەو خاڵەمان جێبەجێکردووە پەیوەستین بە عێراقەوە ناتوانین سەربەخۆ سزاکان بسەپێنین".
.
"هەرێم چاوەڕێی هەڵوێستى عێراقە"
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی ھەرێم بۆ ناس کورد وتیشی "ھەرێم چاوەڕێی عێراقە، ئەگەر عێراق فەرمان بە گومرگی ھەرێم بکات ئەوە ڕاستەوخۆ فەرمانەکە جێبەجێ دەکرێت".
لەلایەکى ترەوە، ساماڵ عەبدوڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی ھەرێم لەبارەی دواھەمین پێشھات و ھەنگاوی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە بەناس کوردی وت "ھیچ لیستێکمان لە عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە بۆ نەھاتووە تاوەکو پایەندبین پێوەی".
ووتیشی "سوتەمەنی لەخاڵە سنورییەکانی ھەرێمەوە ھاتووچۆ دەکات".
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی ھەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەرێم و ئێران ساڵانە خۆی لە شەش ملیار دۆلار دەدات، ھاوکات بەگوێرەی ئامارێکی قونسوڵگەری گشتی ئێران لەھەولێر ٤٠ %ی کۆی بازرگانی عێراق و ئێران لەڕێگەی ھەرێمەوەیە.
.
"ئەمریکا لیستێکى لە کۆمپانیا کوردی و عێراقییەکان ئامادەکردووە"
عەتا شێخ محمەد جێگری سەرۆکی یەکێتی ھاوردە و ناردەنیکارانی کوردستان ئەوەی بۆ ناس کورد پشتڕاستکردەوە تائیستا نە حکومەت و نە ئەمریکیەکان ھیچ کۆبونەوەیەکیان لەگەڵ نەکردون لەباری سزاکانەوە، ئەوەی ئاشکراکرد، "زانیاریمان ھەیە ئەمریکیەکان لیستێکیان بۆ چەند کۆمپانیایەکی کوردی و عێراق ئامادەکردووە بۆ ئەوەی بیانخەنە لیستی سزاکانەوە".
جێگری سەرۆکی یەکێتی ھاوردە و ناردەنیکارانی کوردستان لەبارەی کاریگەری سزاکان بۆ سەر ئاستی ھاوردە و ناردەنیکاران ووتی "لە کاتی ڕیفراندۆمدا دەرکەوت ئەگەر تورکیا سنورەکانی کراوەبێت، داخستنی سنورەکانی ئێران کاریگەرییان نابێت".
.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ناس کورد، ئێران داوای لە ھەرێم کردووە نەچێتە ژێر بڕیاری گاریگەری سزاکانی سەر ئەمریکا، ئەمریکاش چاوی لەوەیە سنورەکانی ھەرێمی کوردستان بەگوێرەی سزاکان سنوردار بکرێن بەڕووی کاڵای ئێرانی.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی قونسوڵخانەی ئەمریکا لەھەولێر "ڕۆژی ١٧ی مانگی ڕابردوو ستیڤ فەیگن، کونسوڵی گشتی کونسوڵخانەی ئەمریکا سەردانی بەڕێوبەری گومرکی ڕاپەڕینی کرد بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی ئاستەنگەکانی بەردەم بەڕێوەبردنی ئەو سنورە دوور و درێژەی لەگەڵ ئێران ھەیە و ھەروەھا ئەو ھەڕەشانەی بەھۆی کاری قاچاغ و خۆدزینەوە لە سزاکان دروستدەبن".
.
لەبەرامبەردا مورتەزا عەبادی سەرقوسنوڵی ئێران لەھەولێرە، لەنوێترین لێدوانیدا ئەوەی ووتوە " ئەمریکا کار لەسەر بازرگانەکان دەکات و ھەوڵدەدات لە رێگەی دروستکردنی شەڕێکی دەروونییەوە بازرگانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان پەکبخات، بەڵام ھەوڵەکانی ئەمریکا کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران نابێت".