ناس کورد-
شارەزایەکى سەربازیی ڕوسی باس لە سێ سیناریۆ دەکات ئەگەر هاتوو ئەمریکا بیەوێت هێرش بکاتەسەر ئێران.
كۆنستاتین سیفكۆف، شارەزایی سەربازیی ڕوسی دەڵێت، "ئەمریكا بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی سەربازی ڕاستەوخۆ و فراوان بۆسەر خاكی ئێران هاوشێوەی ئەوەی لە عێراق ئەنجامیدا لە ساڵی 2003، نزیكەی یەك ملیون سەربازی پێویستە.
.
كۆنستاتین سیفكۆف کە هاوکات جێگری ئەكادیمیای ڕوسییە بۆ موشەك و تۆپهاوێژی رایگەیاند،"دوای ئەوەی ئەمریكا هێزێكی زۆری ڕەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، پێشبینی دەكەین ئەمریكا بۆ یەكلایيكردنەوەی كێشەكەی لەگەڵ ئێراندا سێ سیناریۆ بەكاربهێنێت."
.
كۆنستاتین سیفكۆف بەم شێوەیەی خوارەوە سیناریۆکانى خستووەتەڕوو،
سیناریۆی یەكەم: ئەمریكا ئەگەری هەیە هێرشێكی ئاسمانی و موشەكی بكاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانى ئێران، لەو حاڵەتەشدا ئەمریكا پێویستی بە 120 هەزار سەرباز هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو سیناریۆیە".
سیناریۆی دووەم: هاوشێوەی یۆگسلافیا، هێرشێكی ئاسمانی بەرفراوان بكاتە سەر ژێرخانی ئابوریی ئێران و ئەو کاتەش ئەمریکا پێویستى بە زیاتر لە 120 هەزار سەرباز هەیە.
سیناریۆی سێیەم: ئەنجامدانی هێرشیكی ڕاستەوخۆی سەربازیی فراوانە بۆسەر خاکی ئێران هاوشێوەی هێرشەکەى سەر عێراق لە ساڵی 2003دا، لەوەها حاڵەتێکیشدا ئەمریكا بۆ ئەنجامدانی ئەو پلانە یەك ملیۆن سەربازی دەوێت.
.
ئەو شارەزا ڕوسییە دەشڵێت، "ئەمریكا بۆ ئەوەی هێزەكانی لە ناوچەكەدا زیاد بكات پێویستی بە بیانووە، هێرشكردنە سەر چوار كەشتییە نەوت هەڵگرەكە لە ئاوەكانی كەنداو نزیك كەنارە ئاوەكانی ئێران و ئیمارات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سیناریۆییەكی دیكە بوو كە دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل و سعودیە ئەنجامیان داوە بۆ ئەوەی ببێتە بیانوویەك بۆ ڕاگەیاندنی شەر دژ بە ئێران، بەڵام بیانووەكە دەنگدانەوەى نەبوو و نەبووە هۆی ڕاگەیاندنی کردەى سەربازیی دژى ئێران، بەڵام ئەمریكا لەمەولا وەك ئامرازیك بەكاردەهێنێت بۆ زیادكردنی هێزەكانی لە ناوچەكەدا.