گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیامى مەزڵوم کۆبانێ لەبارەى شەڕى پەکەکە و پارتى

2020.12.15 - 11:26
App store icon Play store icon Play store icon
پەیامى مەزڵوم کۆبانێ لەبارەى شەڕى پەکەکە و پارتى

ناس کورد-

فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) پەیامێکى بڵاوکردەوە و تیایدا سەرکۆنەى هێرشکردنە سەر گەریلاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان دەکات لەلایەن هێزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) لەمیانەى بڵاوکردنەوەى پەیامێک لە هەژمارى خۆى لەتویتەر  کە "ناس کورد" بینیوویەتى (15ى کانوونى یەکەمى 2020) رایگەیاند "هێرشی هێزەکانی پەدەکە لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە ئامێدی جێگای شەرمەزارییە و دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەناودەبات، ئێمە بانگەواز بۆ وەستاندنی هێرشەکان دەکەین و داواکارین کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەربکرێن”.

 

پێشتر  هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە لەسەر شەڕەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و  ڕایگەیاند، ڕێگە لە ئۆتۆمبێلەکانیان گیراوە و هێرشکراوەتەسەریان، ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئەنجامدا سێ گەریلا برینداربوون. 

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا هەپەگە (دووشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2020) ڕایگەیاند، "ڕۆژی یەکشەممە 13ی ئەم مانگە کاتژمێر 10:00ی پێشنیوەڕۆ، لەنزیک گوندی ڕەشانکێ لە شارەدێی زاویتەی سەربە دهۆک، هێزە تایبەتەکانی پارتی، ئۆتۆمبێلێکی ئەندامانی ئێمەیان ڕاگرتووە، کاتێک بینیویانە گەریلا لەناو ئۆتۆمێلەکەدایە، بە قورسی دەستڕێژی گولـلەیان لە ئۆتۆمبێلەکە کردووە." 

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، "هەر ئێوارەی ئەو ڕۆژە کاتژمێر 8:30 خولەکی شەو، لە ناوچەیەکی نێوان گوندەکانی کانی و سەرگەلێ لە ناوچەی ئامێدی، کە ساڵانێکە ئۆتۆمبێلەکانمان تێیدا هاتووچۆ دەکەن، ئۆتۆمبێلێکمان کە لە ڕێدابوو لەلایەن زرێپۆشەکانی پارتییەوە کە چەکی قورسیان پێبووە گەمارۆدراوە، ئۆتۆمبێلەکەی ئێمەش بێ ئەوەی بوەستێت بەردەوامی بە ڕێگای خۆی داوە، بەڵام هێزەکانی پارتی بە چڕیی دەستڕێژیان لە ئۆتۆمبێلەکە کردووە." 

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی هەپەگە، لەسەر ئەوەش  شەڕ ڕوویداوە و لە ئەنجامدا سێ گەریلا بریندرابوون، کە دۆخی دووانیان ناجێگیرە. 

 

هێزەکانی پاراستنی گەل ئەوەشی خستووەتەڕوو، " ئاشکرایە کە بڕیار دراوە بە بەرنامە ڕێگە لە ئۆتۆمبێلەکانمان بگیردرێت و بیانکەنە ئامانج، بۆیەش ئەم ڕووداوە هێرشکارییە و بەرپرسیارێتی ئەم ڕووداوانە لە ئەستۆی ئەو کەسانەیە کە پلانەکەیان داڕشتووە و جێبەجێیان کردووە." 

 

جگە لەو بریندارارانەی هەپەگە ئاماژەی پێکردووە، ئەندامێکی پێشمەرگەی ڕۆژ لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا کوژراوە و وەزارەتی پێشمەرگەش ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە. 

 

پێشتر سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی پێشمەرگە بە "ناس کورد"ی وت، لە هێرشەکەدا دوو گەریلا کوژراون، بەڵام هەپەگە ئەوە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، دۆخیان ناجێگیرە. 

 

ئەو پێشمەرگەیەی گیانی لەدەستداوە، ناوی جاهید عەبدولڕەحمان بە پلەی مولازمی یەكەم و سەربە هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژ بووە.  

 

سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەکە پارتی و پەکەکە لەڕێگەی میدیاکانیانەوە یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە دەستپێکردنی شەڕەکە.   

 

بەگوێرەی میدیاکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، " شەوی ڕابردوو چەكدارانی پەكەكە لە گوندی دێرشی دەڤەری ئامێدی ژمارەیەك گەریلای پەكەكە بە ئۆتۆمبێل لە بازگەیەكی ھێزی پێشمەرگەیان داوە و نەوەستاون، دواتر تەقەیان لە بازگەكە کردووە و ڕووبەڕووبوونەوەکە دروست بووە."    

 

لە بەرامبەردا میدیاکانى پەکەکە دەڵێن، " هێزەکانی پارتى  لە ناوچەى دێراشى ئامێدی هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێکی گەریلا و سێ گەریلا بە سەختی برینداربوون."