گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’ململانێى شاراوە’’

پێشبینى داڕمانى زیاترى بەهاى دینار بەرانبەر دۆلار دەکرێت

2020.12.14 - 18:09
App store icon Play store icon Play store icon
پێشبینى داڕمانى زیاترى بەهاى دینار بەرانبەر دۆلار دەکرێت

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

ئابوریناسێکی عێراقی داڕمانى بەهای دینار بەرانبەر دۆلار بۆ ململانێی وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندیی دەگەڕێنێتەوە و پێشبینی دەکات لەکۆتایی ساڵی 2021 دا بەهای 100 دۆلار نزیک بێتەوە لە 200 هەزار دینار.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەهاى دینارى عێراقى بەرانبەر دۆلار ئەمڕۆ بەشێوەیەکى بەرچاو داکشا و بۆماوەیەکى کورت نرخى 100 دۆلار گەیشتە 130 هەزار دینار، کە بەرزترین نرخە لەماوەى زیاتر لە حەوت ساڵدا.

 

د.هومام شەماع، ئابوریناسی عێراقی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ" ناس کورد" ( 14ی کانوونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، "ئەوەی وایکردووە نرخی دۆلار لەبازاردا بەرزبێتەوە بەشێوەیەکی گشتی، تەنها پێشبینی خەڵکە بۆ دابەزینی نرخی دینار کە ئەوەش وایکردووە خواست لەسەر کڕینی دۆلار زیاد بکات".

 

ڕونیشیکردەوە، "پێشبینیەکانی خەڵک لەسەر داوایەکی پێشووی وەزارەتی دارایی بنیادنراوە کە داوایکردبوو نرخی دینار کەمبکرێتەوە بەرامبەر بە دۆلار کە تائێستا نەبووە بە فەرمی، بۆ ئەوەی لەکاتی فرۆشتنی دۆلار بە بانکی ناوەندی ڕێژەیەکی زۆرتری دیناری دەستبکەوێت".

 

بەوتەی ئابوریناسە عێراقییەکە، لە ئێستادا ململانێیەکی شاراوە لە نێوان وەزارەتی دارایی عێراق و بانکی ناوەندیدا هەیە، "وەزارەتی دارایی سورە لە سەر کەمکردنەوەی بەهای دینار و بانکی ناوەندیش بەردەوامە لەسەر پاڵپشتیکردنی نرخی دینار بەرامبەر بەدۆلار، بۆیە لە ئێستادا بانکی ناوەندی ڕۆژانە زیاتر 150ملیۆن دۆلار دەخاتە بازارەوە".



شەماع پێیوایە ئەستەمە لە ئایندەیەکی نزیکدا بەهای دینار بگەڕێتەوە دۆخی پێشووی، پێشبینی دەکات تا کۆتایی ساڵی 2021 بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە 200 هەزاردیناری عێراقی مامەڵەی پێوە بکرێت.

 

دەشڵێت، دابەزینی بەهای دینار لە ماوەی داهاتوودا کاریگەرییە نەرێنییەکانی بۆ سەر بژێوی ژیانی هاووڵاتیانی عێراق دەردەکەوێت، پێشبینی دەکرێت نرخی کاڵا و شمەکە بەکاربەرەکان لەگەڵ دابەزینی بەهای دۆلار بەگشتی لە 10%دا بەرزبێتەوە، قەیرانی دارایی عێراق و دواکەوتنی موچە زیاتردۆخی ئابوریی وگوزەرانی خەڵک سەختتر بێت.