گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەبارەی حەشدی کوردییەوە

ڕوونکردنەوەیەک لە سەرکردەیەکى حەشدی شەعبییەوە لەبارەی دامەزراندنی حەشدی کوردی

2020.12.14 - 15:47
App store icon Play store icon Play store icon
ڕوونکردنەوەیەک لە سەرکردەیەکى حەشدی شەعبییەوە لەبارەی دامەزراندنی حەشدی کوردی

ناس کورد-کاروان مەحمود  

بەرپرسێکی حەشدی شەعبی ڕەتیدەکاتەوە، حەشدی کوردی پەیوەندی بە حەشدی شەعبییەوە هەبێت و ڕایگەیاند، ئەو کەسەی کۆنگرەی رۆژنامەوانی کردووە و پێکهێنانی حەشدی کوردی راگەیاندووە، خانەنشین بووە و پەیوەندی بە حەشدی شەعبییەوە نەماوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەید عەلی هاشم ئەلحوسەینی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی جەنگی و پەیوەندییەكانی حەشدی شەعبی لە میحوەری باكور (دووشەمممە 14ی کانوونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، حەشدی کوردی هیچ پەیوەندییەکی بە هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە نییە و ئەو هێزەش کە پێکهێنراوە داوای مۆڵەتی فەرمییان لە حەشدی شەعبی نەکردووە.

 

باسی لەوەشکرد، ئەو کەسەی دوو رۆژ پێش ئیستا کۆنگرەی رۆژنامەوانی کردووە و بەناوی حەشدی شەعبییەوە باسی لە پێکهێنانی حەشدی کوردی کردووە خانەنشین بووە و لە ئێستادا لە ناو حەشدی شەعبی نییە.

 

بەرپرسەکەی حەشدی شەعبی جەختی لەوەشکردەوە، ئەگەر هێزێک پێکبهێنرێت لەناوی حەشدی شەعبی پێویستی بە ڕەزامەندی هەیە، بەڵام هیچ شتێک بەفەرمی نەگەیشتووەتە حەشدی شەعبی بۆ پێکهێنانی هێزێکی نوێ بەناوی حەشدی کوردی و ئەوەی پێکهێنراوە لەسەر بنەمای دۆستایەتی بووە و بەفەرمی لەناو حەشدی شەعبی هێزێک نییە بەناوی حەشدی کوردی.

 

رۆژی 12ی کانونی یەکەمی 2020 لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەبو عیماد، بەرپرسی دەستەی حەشدی شەعبی پێکهێنانی حەشدی کوردی راگەیاند و لەلایەکی دیکەش ئەدهەم جومعە وەک فەرماندەی فەوجی حەشدی کورد لێدوانیدا و باسی لەوەکرد، کوردی کەرکوک ئامادەن لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی حکومەتی فیدراڵیدا خزمەت بەشارەکەیان بکەن.

 

لەدوای ڕاگەیاندنی پێکهێنانی فەوجەکە، پارتی دیموکراتی کوردستان ناڕەزایەتی دەربڕی و کەمال کەرکوکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە ڕایگەیاند، کەرکوک پێویستی بە هێزێکی لەوجۆرە نییە بۆ پاراستنی و ئەو کوردانەشی دەچنە ڕیزەکانی هێزەکە خیانەتکارن. 

 

زیاتر بخوێنەرەوە: کاردانەوەیەکی توند لە پارتییەوە دژی حەشدی شەعبی 

 

هاوکات یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانیش بێ ئاگایی خۆی لە دامەزراندنی هێزەکە ڕاگەیاند و لێپرسراوی مەڵبەندی حزبەکە لە کەرکوک ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دروستبوونی ئەو هێزەدا نین و ئەگەر بڕیاربێت هێزێک کەرکوک بپارێزێت، ئەوە پێشمەرگەیە. 

 

زیاتر بخوێنەرەوە: یەکێتی لە کەرکوک هەڵوێستی خۆی لەبارەی دامەزراندنی حەشدی کوردی ڕاگەیاند

 
پێکهێنانی ئەو هێزە و ناڕەزایەتی دەربڕین لەلایەن لایەنە کوردییەکانەوە لەکاتێکدایە، هەر لە سنوری کەرکوک باس لە پرۆسەی تەعریب کردنی گوندی پەلکانە دەکرێت و ئەوانەش لە سەروبەندی گفتوگۆ چڕەکانی هەرێم و بەغدا-دان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە بودجە و نەوت.