گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکەم لێدوانی پەکەکە لەبارەی شەڕەکەی شەوی ڕابردوو

2020.12.14 - 15:06
App store icon Play store icon Play store icon
یەکەم لێدوانی پەکەکە لەبارەی شەڕەکەی شەوی ڕابردوو

ناس کورد-

هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە لەسەر شەڕەکەی شەوی ڕابردووی نێوان هێزەکانیان و پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و  ڕایگەیاند، ڕێگە لە ئۆتۆمبێلەکانیان گیراوە و هێرشکراوەتەسەریان، ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئەنجامدا سێ گەریلا برینداربوون.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا هەپەگە (دووشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2020) ڕایگەیاند، "ڕۆژی یەکشەممە 13ی ئەم مانگە کاتژمێر 10:00ی پێشنیوەڕۆ، لەنزیک گوندی ڕەشانکێ لە شارەدێی زاویتەی سەربە دهۆک، هێزە تایبەتەکانی پارتی، ئۆتۆمبێلێکی ئەندامانی ئێمەیان ڕاگرتووە، کاتێک بینیویانە گەریلا لەناو ئۆتۆمێلەکەدایە، بە قورسی دەستڕێژی گولـلەیان لە ئۆتۆمبێلەکە کردووە."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، "هەر ئێوارەی ئەو ڕۆژە کاتژمێر 8:30 خولەکی شەو، لە ناوچەیەکی نێوان گوندەکانی کانی و سەرگەلێ لە ناوچەی ئامێدی، کە ساڵانێکە ئۆتۆمبێلەکانمان تێیدا هاتووچۆ دەکەن، ئۆتۆمبێلێکمان کە لە ڕێدابوو لەلایەن زرێپۆشەکانی پارتییەوە کە چەکی قورسیان پێبووە گەمارۆدراوە، ئۆتۆمبێلەکەی ئێمەش بێ ئەوەی بوەستێت بەردەوامی بە ڕێگای خۆی داوە، بەڵام هێزەکانی پارتی بە چڕیی دەستڕێژیان لە ئۆتۆمبێلەکە کردووە."

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی هەپەگە، لەسەر ئەوەش  شەڕ ڕوویداوە و لە ئەنجامدا سێ گەریلا بریندرابوون، کە دۆخی دووانیان ناجێگیرە.

 

هێزەکانی پاراستنی گەل ئەوەشی خستووەتەڕوو، " ئاشکرایە کە بڕیار دراوە بە بەرنامە ڕێگە لە ئۆتۆمبێلەکانمان بگیردرێت و بیانکەنە ئامانج، بۆیەش ئەم ڕووداوە هێرشکارییە و بەرپرسیارێتی ئەم ڕووداوانە لە ئەستۆی ئەو کەسانەیە کە پلانەکەیان داڕشتووە و جێبەجێیان کردووە."

 

جگە لەو بریندارارانەی هەپەگە ئاماژەی پێکردووە، ئەندامێکی پێشمەرگەی ڕۆژ لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا کوژراوە و وەزارەتی پێشمەرگەش ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە.

 

پێشتر سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی پێشمەرگە بە "ناس کورد"ی وت، لە هێرشەکەدا دوو گەریلا کوژراون، بەڵام هەپەگە ئەوە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، دۆخیان ناجێگیرە.

 

ئەو پێشمەرگەیەی گیانی لەدەستداوە، ناوی جاهید عەبدولڕەحمان بە پلەی مولازمی یەكەم و سەربە هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژ بووە. 

 

سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەکە پارتی و پەکەکە لەڕێگەی میدیاکانیانەوە یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە دەستپێکردنی شەڕەکە.  

  

بەگوێرەی میدیاکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، " شەوی ڕابردوو چەكدارانی پەكەكە لە گوندی دێرشی دەڤەری ئامێدی ژمارەیەك گەریلای پەكەكە بە ئۆتۆمبێل لە بازگەیەكی ھێزی پێشمەرگەیان داوە و نەوەستاون، دواتر تەقەیان لە بازگەكە کردووە و ڕووبەڕووبوونەوەکە دروست بووە."   

  

لە بەرامبەردا میدیاکانى پەکەکە دەڵێن، " هێزەکانی پارتى  لە ناوچەى دێراشى ئامێدی هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێکی گەریلا و سێ گەریلا بە سەختی برینداربوون."