گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا

زانیاری نوێ لەبارەی گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا ’’ئەوە دانوستان نییە’’

2020.12.14 - 11:54
App store icon Play store icon Play store icon
زانیاری نوێ لەبارەی گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا ’’ئەوە دانوستان نییە’’

ناس کورد-

وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا ڕایگەیاند، ئەوەی لەگەڵ بەغدا ڕوودەدات دانوستاندن نییە و نییەتی ئەوان ملشکاندنە، دەشڵێت، لەناوخۆوە هەوڵی شکستپێهێنانی ڕێککەوتنی ئەم چەن ڕۆژە هەبووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

پێشەوا هەورامی، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە فەیسبوکی فەرمیی خۆی (دووشەممە 14ی کانوونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، " ئەوەی لەگەڵ بەغدا ڕوودەدات دانوستاندن نییە و نییەتی ئەوان ملشکاندنە، بەغدا دەیەوێت شتێکی زۆر لەتۆ بستێنێت و کەمێکت پێبدات، شتێک نییە ناوی حکومەتی عێراقی بێت بۆ ڕێککەوتن لەگەڵی و بڕیارێکی هاوبەشی سیاسی هەیە بۆ گوشینی قوڕگی کورد."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، "هیچ ڕێکەوتنێکیش گەرەنتی نییە لەگەڵ بەغدا، بەداخەوە تا ئێستا ئەوەی ئەوان دەیانەوێت بچووککردنەوەو لاوازکردن و برسیکردنی هەرێمی کوردستانە و ئێمەش یەکدەنگ نین و ئیستیغلالی ئەمە کراوە."

 

وتەکانی وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لەکاتێکدایە، شەوی ڕابردوو بەشێک لە میدیا کوردییەکان بە پشت بەستن بە میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بۆ واژووکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا.

 

پێشەوا هەورامی ئاماژەی بەوەشكردووە، "تەنانەت لەناوخۆوە هەوڵی شکستپێهێنانی ڕێککەوتنی ئەم چەن ڕۆژە هەبووە و کەسی بە دەسەڵات هەن دەیانەوێت لەگەڵ بەغدا نەگەینە هیچ، دیسان بەداخەوە خەڵکێک هەن تەنها بۆ دژایەتی کابینەی مەسرور بارزانی ئامادەن هەموو ڕێگایەک بگرنەبەر ئەگەر ئەو ڕێگایە برسیکردنی خەڵکی کوردستانیش ئەنجامەکەی بێت."

 

شاندێکى باڵاى حکومى هەرێم بەسەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى (9ی کانونی یەکەمی 2020) گەیشتە بەغدا و لەگەڵ دەسەڵاتدارانى بەغدا سەرقاڵى گفتوگۆ و دانوستانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر پرسی بودجە و نەوت.    

  

ڕۆژی شەممە (12ی کانوونی یەکەمی 2020)، مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق و محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان سەرۆکایەتى کۆبوونەوەى وەفدى عێراقیان کرد و لە کۆبونەوەیان لەگەڵ وەفدى کوردى گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێک کرا.  

 

چەند پەرلەمانتارێکی یەکێتی و گۆڕان کۆبوونەوەیەکەیان بە ئەرێنی ناوبرد و پەرلەمانتارێکی یەکێتی ڕایگەیاند، هەردوولا بەشێوەی سەرەتایی گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.      

 

 شەوی ڕابردووش 13ی کانوونی یەکەمی 2020، قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى شاندى دانوستانکارى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەغدا، ئاماژەى بەوە کرد کە هێشتا هەولێر و بەغدا ماویانە بگەن بە ڕێککەوتن.  

 

سەرۆکى شاندى دانوستانکارى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەغدا ڕاشیگەیاند، هەرچەندە هەنگاوى باش چونەتە پێشەوە لە گفتوگۆکان بەڵام هێشتا ماویانە بگەن بە ڕێککەوتنى کۆتایى.