ناس کورد-
ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق عەبدولهادی سەعداوی ئاشكرایكرد لە دانوستانی هەرێم و بەغدا چوار ئەندامی لیژنەكەیان بایكۆتی كۆبوونەوەكانیان كردووە و هەندێكیتريشيان بەئەنقەست بەشدارییان پێ نەكراوە لەبەر هەڵوێستی توندیان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەعداوی لە لێدوانێكدا كە بەشی مۆنیتەرینگی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاوی كردووەتەوە (14 كانونی یەكەمی 2020) و "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە، بانگەشەی ئەوە دەكات هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو نەوتی خۆی فرۆشتبێت و پارەكەی پێشوەختە وەرگرتبێت. هەروەها دەڵێت "بەغدا پەیوەندیدار نییە بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی پابەند نەبوونەوە بە رێككەوتنەكان و ساڵی رابردوو یەك بەرمیل نەوتی رادەست نەكردووە".
ئەم پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی لەبارەی هۆكاری بەشدارینەكردنی لە كۆبوونەوەی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك وەزیران و وەفدی هەرێم لە بەغدا باس لەوە دەكات ئەو و (ثامر ذیبان) دوورخراونەتەوە بەئەنقەست لەبەر هەڵوێستی روونیان لەبارەی رێگریكردن لەوەی نەوتی بەسرە و میسان بدرێتە بەغدا و هەرێمی كوردستان بیفرۆشێتە دەرەوە. هەروەها ئەوەشی ئاشكراكردووە 4 پەرلەمانتاریتری لیژنەكە خۆیان بایكۆتی دانوستانەكانیان كردووە، بەم هۆیەشەوە كۆبوونەوەكان بەنهێنی بەڕێوەچوون و هیچ ئەنجام و راگەیەنراوێكیان نەبووە.