گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’زۆربەی لایەنەکان هەڵگەڕاونەتەوە’

بەشیر حەداد: هەرێم بە هەموو مەرجەکانى بەغدا رازیبووە

2020.12.13 - 22:46
App store icon Play store icon Play store icon
بەشیر حەداد: هەرێم بە هەموو مەرجەکانى بەغدا رازیبووە

ناس کورد-

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، شاندی هەرێم بە هەموو مەرجەکانی بەغدا رازیبووە، بەڵام زۆربەی لایەنە عێراقییەکان لێیان هەڵگەڕاونەتەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

بەشیر حەداد لە لێدوانێکى تەلەفزیۆنیدا بۆ کەناڵى "رووداو" (13ى کانونى یەکەمى 2020) کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوەکردووە، "شاندی هەرێم لە هەموو بوارەکان بە داواکارییەکانی حکومەتی عێراق رازیی بووە، موچەی فەرمانبەران نابێت بکەوێتە نێو ململانێی سیاسیی. نزیکین لە رێککەوتن بەڵام تاوەکو ئێستا واژۆنەکراوە".

 

وتیشى "ئەمجارە گوشارەکان جیدیین و زۆربەی لایەنەکانی عێراق لێمان هەڵگەڕاونەتەوە و دژی خواستەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکەن و کارەکەش ئاسان نییە. بۆیە پێویستی بە گفتوگۆیەکی چڕ و پڕ هەیە لەگەڵ حکومەتی عێراق".

 

بەشیر حەداد بە پێویستى دەزانێت شاندی سیاسی و حکومى هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەو کێشانە یەکلایی بکاتەوە. "ئێمەش دەبێت لەنێو خۆماندا کێشەکان چارەسەر بکەین".

 

شاندێکى باڵاى حکومى هەرێم بەسەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى (9ی کانونی یەکەمی 2020) گەیشتە بەغدا و لەگەڵ دەسەڵاتدارانى بەغدا سەرقاڵى گفتوگۆ و دانوستانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر پرسی بودجە و نەوت.  

  

دوێنێ (12ی کانونی یەکەمی 2020)، مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق و محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان سەرۆکایەتى کۆبوونەوەى وەفدى عێراقیان کرد و لە کۆبونەوەیان لەگەڵ وەفدى کوردى گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێک کرا.      

  

لەدوای کۆبوونەوەکە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى عێڕاق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پابەندبوون بە جێبەجێکردنى یاساى پڕکردنەوەى کورتهێنانى دارایى کە مانگى پێشوو پەرلەمان دەنگى لەسەر داوە کراوە.      

  

هاوکات چەند پەرلەمانتارێکی یەکێتی و گۆڕان کۆبوونەوەیەکەیان بە ئەرێنی ناوبرد و پەرلەمانتارێکی یەکێتی ڕایگەیاند، هەردوولا بەشێوەی سەرەتایی گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.