گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سێ ئاست بۆ رێککەوتن 

پارتى باس لە چوونى شاندێکى دیکە دەکات بۆ بەغدا

2020.12.13 - 19:14
App store icon Play store icon Play store icon
پارتى باس لە چوونى شاندێکى دیکە دەکات بۆ بەغدا

ناس کورد-

سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، شاندێکى سیاسی سەردانى بەغدا دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر کێشەى بودجە و نەوت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ڤیان سەبرى (13ى كانونى یەکەمى 2020) بە "ناس کورد"ى راگەیاند "ئەوەى باس دەکرێت لەبارەى چوونى شاندێکى دیکەى هەرێم بۆ بەغدا، شاندى سیاسییە، بەڵام وادەکەى دیارنییە".

 

وتیشى "بەبۆچوونى من دەبێت ئەو پرسە لەسەر سێ ئاست کارى لەسەر بکرێت، شاندى حکومى کە ئێستا لە بەغدایە، شاندى سیاسی ئەگەر لە حزبەکان بێت یان سەرۆکایەتى هەرێم، لەگەڵ ئاستى شاندێکى پەرلەمانى لە نوێنەرانى کورد لە بەغدا".

 

ڤیان سەبرى جەختیکردەوە، پێویستە نوێنەرانى کورد لە پەرلەمانى عێراق پێکەوە کار بکەن لەو بارەیەوە "ئەگەر یەک هەڵوێستیان هەبێت".

 

شاندێکى باڵاى حکومى هەرێم بەسەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى (9ی کانونی یەکەمی 2020) گەیشتە بەغدا و لەگەڵ دەسەڵاتدارانى بەغدا سەرقاڵى گفتوگۆ و دانوستانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر پرسی بودجە و نەوت.

 

دوێنێ (شەممە، 12ی کانونی یەکەمی 2020)، مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق و محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان سەرۆکایەتى کۆبوونەوەى وەفدى عێراقیان کرد و لە کۆبونەوەیان لەگەڵ وەفدى کوردى گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێک کرا.    

  

لەدوای کۆبوونەوەکە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى عێڕاق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پابەندبوون بە جێبەجێکردنى یاساى پڕکردنەوەى کورتهێنانى دارایى کە مانگى پێشوو پەرلەمان دەنگى لەسەر داوە کراوە.    

  

هاوکات چەند پەرلەمانتارێکی یەکێتی و گۆڕان کۆبوونەوەیەکەیان بە ئەرێنی ناوبرد و پەرلەمانتارێکی یەکێتی ڕایگەیاند، هەردوولا بەشێوەی سەرەتایی گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.