گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئامادەنەبوو تەقە بکات

وردەکاری دوورخستنەوەی سەرپەرشتیاری ئاسایشی سەیدسادق لە پۆستەکەی

2020.12.13 - 14:22
App store icon Play store icon Play store icon
وردەکاری دوورخستنەوەی سەرپەرشتیاری ئاسایشی سەیدسادق لە پۆستەکەی

ناس کورد-

لەدوای چەند ڕۆژێک لە خۆپیشاندانەکانی قەزای سەیدسادق، سەرپەرشتیاری ئاسایشی قەزاکە لە پۆستەکەی لادرا و بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو دوای ئەوەی وتوویەتی، ئامادەنییە تەقە لە خۆپیشاندەران بکات، کەسێکی دیکە خراوەتە شوێنەکەی و لە پۆستەکەی لادراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماوەی نزیکەی ساڵێکە کەسێک بەناوی شەوکەت سەرپەرشتیاری ئاسایشی سەیدسادقە و بە وەکالەت لەو پۆستەدایە، بەڵام لەدوای خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، دوێنێ شەممە کەسێکی دیکە نێردراوەتە قەزاکە و کراوە بە سەرپەرشتاری ئاسایش و لەشوێنی ناوبراو دەستبەکاربووە.

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پرسە (یەکشەممە 13ی کانوونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "لەدوای خۆپیشاندانەکانی قەزاکە کاک شەوکەت ئەوەی ڕاگەیاند کە تەقە لە خۆپیشاندەران ناکات، چونکە خۆپیشاندەران هەمووی کوڕ و برا و کەسوکاری ئەون و ڕەتیکردەوە بەهیچ شێوەیەک ئەو کارە بکات."

 

وتیشی، "ئێستا ماوەی دوو ڕۆژە کەسێکی دیکە خراوەتە جێگەکەی و ناوبراو لە لێپرسراوێتی لابردراوە کە بە وەکالەت لە پۆستەکەدا بووە و ئێستا وەک ئەفسەرێکی ئاسایی دەوامی خۆی دەکات."

 

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد، "هیچ شتێکی نەوتراوە کە ناوبراو بەهۆی ئەو هەڵوێستەیەوە لە پۆستەکەی لادراوە یاخود نا، بەڵام ئەو جەختیکردووەتەوە کە بەهیچ شێوەیەک تەقە لە خۆپیشاندەر ناکات."

 

ڕۆژى (2 کانونی یەکەمی 2020) خۆپیشاندان لەدژى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران و خراپى دۆخى دارایی لە سلێمانیەوە دەستیپێکرد و رۆژى دواتر خۆپیشاندانەکە گرژى لێکەوتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا رێگرى بکەن لە دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندان.       

  

رۆژانى دواتر خۆپیشاندان لە چەند ناوچەیەکى دیکەى سنورى پارێزگاى سلێمانى بەڕێوەچوو، رۆژى (6ى کانونى یەکەمى 2020) خۆپیشاندان لە پیرەمەگرون گرژى لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران کۆمیتەى یەکێتى یان سوتاند و هەوڵى سوتاندنى بارەگاى پارتیاندا بەڵام لەلایەن پاسەوان و هێزێکى زۆرەوە دورخرانەوە.       

  

رۆژى (7ی کانونی یەکەمی 2020) ژمارەیەک لە خەڵکانى ناڕازیی لە سەیدساق و دەربەندیخان و کفری و کەلار و چەمچەماڵ و هەڵەبجە و پێنجوێن چەند شارێکی ڕژانە سەر شەقام و بارەگا حزبییەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و چەندی بینایەکی تری حکومی لەو شارانە سوتێنران.       

  

تائێستا بە کۆی گشتی، شەش خۆپیشاندەر لە چەمچەماڵ، دەربەندیخان، کفری، سەیدسادق و تەکیە و کادیرێکی ناوچەی پێنجوێنی پارتی و فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە دوکان گیانیان لەدەستداوە، هاوکات نزیکەى 100 بریندار لە ڕیزی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان تۆمار کراون.