گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەڵوێستی یەکێتی

یەکێتی لە کەرکوک هەڵوێستی خۆی لەبارەی دامەزراندنی حەشدی کوردی ڕاگەیاند

2020.12.13 - 11:29
App store icon Play store icon Play store icon
یەکێتی لە کەرکوک هەڵوێستی خۆی لەبارەی دامەزراندنی حەشدی کوردی ڕاگەیاند

ناس کورد-

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە کەرکوک دژایەتی خۆی بۆ کردنەوەی فەوجی کوردیی حەشدی شەعبی ڕاگەیاند و بەرپرسێکی ئەو حزبە ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نین و ئەگەر کەرکوک پێویستی بە هێزێک بێت بۆ پاراستن ئەوە پێشمەرگەیە نەک هێزی بۆ دروست بکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دوێنێ شەممە  پێکهێنانی یەکەم فەوجی حەشدی کورد لە کەرکوک ڕاگەیەندرا و بەرپرسی ئەو حەشدە ڕایگەیاند، "پێکهێنانی ئەو دەستەیە بۆ پاراستنی ناوچە کوردییەکان و هاوڵاتیانی کوردە لە کەرکوک".  

 

نەجات محەمەد، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک (یەکشەممە 13ی کانوونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هیچ پەیوەندییەکمان بە دروستکردنی ئەو هێزەوە نییە و لەگەڵیشیدا نین."

 

وتیشی، "پیموانوایە هێزێکی لەو جۆرە هیچ پێویست نییە و ئەگەر کەرکوک پێویستی بە هێز هەبێت بۆ پاراستن، ئەوە دەبێت پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بە هاوبەشی ئەو کارە بکەن، نەوەک هێزێکی لەوجۆرەی بۆ دروست بکرێت.

 

هێزەکە سەر بە حەشدی شەعبییە و سەرجەم ئەندامەکانی کورد دەبن، ئەدهەم جومعە، فەرماندەی فەوجی حەشدی کورد رایگەیاند، خەڵکی کوردی کەرکوک ئامادەن لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی حکومەتی فیدراڵیدا خزمەت بەشارەکەیان بکەن. 

 

دروستکردنی هێزەکە، کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە و بەشێک لە هاووڵاتیان کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێن، "ئەوە دروستبوونەوەی جاشایەتییەکەی سەردەمی ڕژێمی بەعسە."

 

لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک باسی لەوەکرد، یەکێتی تاووتوێی ئەو پرسە دەکات و لەچەند ڕۆژی داهاتوودا بە فەرمی قسەی خۆی لەوبارەیەوە دەکات و هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێت.

 

جگە لە یەکێتی، پارتی دیموکراتی کوردستانیش دژایەتی خۆی کردنەوەی هێزەکە ڕاگەیاندووە.

 

کەمال کەرکوکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی ئەو حزبە لە کەرکوک، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە، (شەممە 12ی کانونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، "کەرکوک داگیرکراوە و کاری حەشدی شەعبی نییە بچێت بیپارێزێت، دروستکردنی ئەو فەوجە کوردەش بۆ نانەوەی ئاژاوەیە و فەرماندەی فەوجەکە، فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە."  

  

وتیشی، " هەر کوردێک ئەگەر زەڕەیەک کەرامەتی هەبێت خۆی لەو حەشدە نزیک ناکاتەوە کە کەرکوکی داگیر کرد، چونکە بە حەشد کەرکوک ناپارێزرێت، بۆیە ئەو کەسانە بەدەرن لە کورد و لە خیانەتکارانی مێژووی کوردن."