گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بێسەروشوێنبوویەکی سەیدسادق

محەمەد سێ ڕۆژە لەلایەن هێزێکی چەکدارەوە ڕفێندراوە و بێسەروشوێنە

2020.12.13 - 10:01
App store icon Play store icon Play store icon
محەمەد سێ ڕۆژە لەلایەن هێزێکی چەکدارەوە ڕفێندراوە و بێسەروشوێنە

ناس کورد-

ماوەی سێ ڕۆژە گەنجێکی خاوەن چایخانە لە قەزای سەیدسادق لەلایەن هێزێکی چەکدارەوە ڕفێندراوە و برایەکیشی دەڵێت، زیاتر لە 100 کەس لە قەزاکە بەوشێوەیە ڕفێندراون و بە هەزار کەسیش لە ترسی ڕفاندن و دەستگیرکردندا قەزاکەیان جێهێشتووە و هەڵهاتوون.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەدوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی کانوون لە هەرێمی کوردستان لە 7ی کانوونی یەکەم لە قەزای سەیدسادق خۆپیشاندانەکان گەیشتە ناو بارەگای حزبەکان و بە چەند کاتژمێرێک سەرجەم بارەگا حزبییەکان و ماڵی قائیمقامی قەزاکە سوتێندران و لە ئەنجامیشدا منداڵێکی تەمەن 13 ساڵ گیانی لەدەستدا و ژمارەیەکیش برینداربوون.

 

لەدوای چڕبوونەوەی خۆپیشاندانەکان لە زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران و چالاکوانانیان دەستپێکرد.

 

محەمەد ڕەشید فەرەج، گەنجێکی دانیشتووی قەزای سەیدسادقە و چایخانەی هەیە و کاردەکات، ماوەی سێ ڕۆژە لەلایەن هێزێکی دەستگیرکراوە و بێسەروشوێنە.

 

جەوهەر ڕەشید، برای محەمەد (یەکشەممە 13ی کانوونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی وت، "محەمەدی برام لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەوە لە چایخانەکەی خۆی ڕفێندراوە و بنکەی پۆلیسی حەسار تورەکەیان کردووەتە سەری و بردوویانە، کەس نازانێ بۆکوێیان بردووەو هیچ خەبەرێکمان لێی نیە."

 

وتیشی، "سێ ڕۆژە ئێمە ئەوەی دەنگمان پێی دەگات پێمان تووە، هەرکەسێک شتێکمان پێدەڵێت، یەکێک دەڵێت لە بیارەیە، یەکێک دەڵێت لە کانی گۆمەیە، بەڵام تائێستا دیارنییە لەکوێیە."

 

مەحەمەد لەدایکبووی ساڵی 2000 و تەمەنی 20 ساڵە ماوەی چوار ساڵە وازی لە خوێندن هێناوە و سەرقاڵی کارکردنە و چایخانەی هەبوو.

 

براکەی دەڵێت، "محەمەد هێشتا مناڵە و تەمەنی تەنها 20 ساڵە بارودۆخی دایکم زۆر خراپە و جگە لە گریان هیچ دەسەڵاتێکی دیکەی نییە، ئێمە داوا دەکەین تەنها پێمان بڵێن لەکوێیە، دواتر ڕێکاری یاسایی چی هەیە بیگرنەبەر."

 

محەمەد تاکە گەنجی دەستگیرکراو و بێسەروشوێنی قەزای سەیدسادق نییە و ژمارەکان زیاترن.

 

جەوهەر ڕەشید ئاماژەی بەوەکرد، "بەگوێرەی ئەو ژمارانەی لە قەزاکە بڵاوبووەتەوە و باس دەکرێت، تەنها لە سەیدسادق زیاتر لە 100 کەس دەستگیرکراون و بێسەروشوێنن."

 

باسی لەوەشکرد، "جگە لەوە، زیاتر لە هەزار کەسیش لە ترسی ڕفاندن و دەستگیرکردن قەزاکەیان جێهێشتووە و ڕۆشتوون، تەنانەت خەڵک هەبووە لە تاوا هەڵهاتووە بۆ چەمچەماڵ."

 

ڕۆژى (2 کانونی یەکەمی 2020) خۆپیشاندان لەدژى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران و خراپى دۆخى دارایی لە سلێمانیەوە دەستیپێکرد و رۆژى دواتر خۆپیشاندانەکە گرژى لێکەوتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا رێگرى بکەن لە دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندان.     

  

رۆژانى دواتر خۆپیشاندان لە چەند ناوچەیەکى دیکەى سنورى پارێزگاى سلێمانى بەڕێوەچوو، رۆژى (6ى کانونى یەکەمى 2020) خۆپیشاندان لە پیرەمەگرون گرژى لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران کۆمیتەى یەکێتى یان سوتاند و هەوڵى سوتاندنى بارەگاى پارتیاندا بەڵام لەلایەن پاسەوان و هێزێکى زۆرەوە دورخرانەوە.     

  

رۆژى (7ی کانونی یەکەمی 2020) ژمارەیەک لە خەڵکانى ناڕازیی لە سەیدساق و دەربەندیخان و کفری و کەلار و چەمچەماڵ و هەڵەبجە و پێنجوێن چەند شارێکی ڕژانە سەر شەقام و بارەگا حزبییەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و چەندی بینایەکی تری حکومی لەو شارانە سوتێنران.     

  

تائێستا بە کۆی گشتی، شەش خۆپیشاندەر لە چەمچەماڵ، دەربەندیخان، کفری، سەیدسادق و تەکیە و کادیرێکی ناوچەی پێنجوێنی پارتی و فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە دوکان گیانیان لەدەستداوە، هاوکات نزیکەى 100 بریندار لە ڕیزی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان تۆمار کراون.