گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەردۆگان گرژیی دروست کرد

خوێندنەوەی شعرێک لەلایەن ئەردۆگانەوە گرژیی لەنێوان ئێران و تورکیا دروست کرد

2020.12.12 - 21:27
App store icon Play store icon Play store icon
خوێندنەوەی شعرێک لەلایەن ئەردۆگانەوە گرژیی لەنێوان ئێران و تورکیا دروست کرد

 ناس کورد-

بەهۆی خوێندنەوەی دوو دێڕهۆنراوە لەلایەن سەرۆک کۆماری تورکیا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی ئەو وڵاتەیان  لەتاران بانگهێشت کرد و یاداشتنامەیەکی توندئامێزیان ڕادەستکرد و هۆنراوەکەی ئەردۆگان-یان وەک دەستدرێژییەک بۆ سەر سەروەری خاکی وڵاتەکەیان ناوبرد. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕەجب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەمیانەی بەشدارییکردنی لە ڕێوڕەسمی مانۆڕی سەربازیی باکۆ لە کۆماری ئازەربایجان (هەینی 11ی کانونی یەکەمی 2020) دوو دێر هۆنراوەی خوێندنەوە کە تێیدا وتی، " ئاراسیان جیاکردەوە و بە زیخ و لم پڕیان کردەوە، من لە تۆ جیا نەدەبوومەوە، بە زۆر جیایان کردینەوە، ئەی لاچین و وەی لاچین، هەموو گیان و دڵی من لاچین."

 

دوای خوێندنەوەی ئەو دوو دێڕ هۆنراوەیە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی تورکیایان لە تاران بانگهێشتکرد و یاداشتنامەیەکی توند ئامێزیان دژ بە ئەردۆگان ڕادەستکرد. 

 

یەکەم کاردانەوە دژ بە هۆنراوەکەی ئەردۆگان، بە تویتێکی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران دەستیپێکرد کە هۆشداری دایە ئەردۆگان و وتی، "بە ئەردۆگانیان نەوتبوو ئەو شیعرەی کە لە باکۆ بە هەڵە خوێندیەوە، پەیوەندیی بە جیاکردنەوەی زۆرەملێی ناوچەکانی باکوری ئاراسەوە هەیە لە وڵاتی ئێرانی دایکیان، ئاخۆ ئەو نەیزانیوە دژ بە دەسەڵاتی نیشتمانیی ئازەربایجان قسەی کردووە؟ هیچ کەس ناتوانێت لەبارەی ئازەربایجانی خۆشەویستی ئێمەوە قسە بکات."

 

لای خۆشییەوە، موجتەبا زوننوری، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران لە تویتێکدا داوای لە ئەردۆگان کرد کە داوای لێبوردن لە خەڵکی ئێران بکات و وتی، "ئەگەر ئەردۆگان لە تاقیکردنەوەکانی ئەدەبیات و جوگرافیا و مێژوودا دەرچووبایە، دەیزانی ئەو شیعرە لە شینی جیابوونەوەی ئاراس لە نیشتمانی خۆیدا نووسراوە".

 

هاوکات ،عەلی ئەسغەر خانی، پەرلەمانتارێکی دیکەی ئێران لەگەڵ وێنەی لەسێدارەدانی سەدام حوسێندا لە تویتێکدا نووسیویەتی، "بەڕێز ئەردۆگان، ئەوە چارەنوسی دوایین کەس بووە کە ویستویەتی دەستدرێژی بکاتە سەر خاکی ئێمە."

 

لە بەرامبەریشدا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش رایگەیاند، " هیچ وتەیەک  دژ بە ئەردۆگان قبووڵ ناکەین".