گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا

جێگری محەمەد حەلبوسی: هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان هەرێم و بەغدا نەکراوە

2020.12.12 - 20:04
App store icon Play store icon Play store icon
جێگری محەمەد حەلبوسی: هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان هەرێم و بەغدا نەکراوە

ناس کورد- 

بەشیر حەداد، جێگرە کوردەکەى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان هەرێم و بەغدا نەکراوە و گفتوگۆکان بەردەوامن و ئەو بابەتە گفتوگۆیەکى زیاترى دەوێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

حەداد، لە لێدوانێکى تەلەفزیۆنیدا (شەممە 12ى کانونى یەکەمى 2020) کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردوە وتى، "کۆبوونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق و محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمانى عێڕاق کۆتایى هات و هیچ بڕیارێک نەدرا و ڕێککەوتن نەکراوە."

 

وتیشى، گفتوگۆکان بەردەوامن و ئەو بابەتە پێویستى لە گفتوگۆى تێروتەسەلى زیاترە، هەرکاتێک هەرێم ئامادەیى پیشانداوە بۆ جێبەجێکردنى ئەوەى لەسەریەتى بەغدا دواى دەخست و بابەتى ترى دەهێنایە پێشەوە، ئەمجار بڕیار وایە ڕێککەوتنێکى نوێ و دورمەودا ئەنجام بدرێت، هەم سەبارەت بە موچە هەم هەناردەکردنى نەوت و پشکى هەرێمى کوردستان.

 

بەشیر حەداد جەختیلەوەشکردووەتەوە، "ئەوەى بە ئێمە گەیشتووە ئەوەیە تائێستا گفتوگۆکان بەردەوامن و چاوەڕێ دەکرێت لە چەند ڕۆژى داهاتوودا ڕێککەوتن بکرێت و ڕابگەیەنرێت."

 

سەبارەت بەوەى بۆچى بەغدا بابەتەکە دوادەخات پێى وایە، نەفەسێک لە بەغدا هەیە نایەوێت ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم بکرێت و دەیانەوێت هەرێمى کوردستان بەهەموو شتێک سازش بۆ بەغدا بکات، نەک تەنها ئەوانەى لەسەریەتى بەڵکو سازش لە هەندێک مافى خۆشى بکات، وەک ئەوەى ڕێگە بدات وەک پارێزگایەک مامەڵەى لەگەڵ بکرێت، مەبەستەکە زیاتر سیاسییە نەک دەستورى و یاسایى.

 

وتەکانی بەشیر حەداد لەکاتێکدایە، لەدوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕؤ، چەند پەرلەمانتارێکی کورد ئەوەیان بڵاوکردەوە کە کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە و هەرێم ڕەزامەندی نیشانداوە بە پابەندبوون بە یاسای قەرز و کە بەرامبەردا بەغدا شایستە داراییەکانی مانگەکانی کۆتایی ساڵی 2020، بنێرێت.