گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وادەی ناردنی 320 ملیارەکە

وادەیەکی نوێ بۆ ناردنی 320 ملیارەکەی بەغدا ئاشكراکرا

2020.12.12 - 19:46
App store icon Play store icon Play store icon
وادەیەکی نوێ بۆ ناردنی 320 ملیارەکەی بەغدا ئاشكراکرا

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیی لە بەغدا ڕایگەیاند، بڕیارە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا حکومەتی فیدڕاڵی 320 ملیار دیناری بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، دەشڵێت، ناردنی ئەو پارەیە وەک نیاز پاکییەکە لەلایەن بەغداوە تا ئەوکاتەی ڕێککەوتنی کۆتایی نێوان هەردوولا لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 دا جێگیردەکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕابیحە حەمەد، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە بەغدا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "ناس کورد" (شەممە 12ی کانوونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، " بڕیارە لە ماوەی یەک دوو ڕۆژی داهاتوودا حکومەتی فیدڕاڵی 320 ملیار دۆلار بۆهەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، کە پێشتر ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو".

 

وتیشی، "ناردنی ئەو پارەیە وەک نیاز پاکییەکە لەلایەن بەغداوە تا ئەو کاتەی ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان  لە پڕۆژ یاسای بودجەی 2021 دا جێگیر دەکرێت".

 

بەرپرسەکەی یەکێتی لە بەغدا ئاماژەی بەوەشکرد، "دانوستانەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ ئەرێنی بوون و پێشبینی دەکرێت ئەنجامی باشی لێبکەوێتەوە، بەغدا و هەولێر نابێت چیدی یاری بە ماف و شایستە داراییەکانی هاووڵاتیان و موچە خۆرانی هەرێمی کوردستانەوە بکەن".

 

ڕابیحە حەمد باسیلەوەشکرد، " لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی کەمترخەم بوون لە پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکانی نێوانیان، بۆیە دەبێت بۆ لەمەودوا هەردوولا ڕێز لە ڕێککەوتنەکانی نێوانیان بگرن، ناکرێت قوت و دەرامەتی هاووڵاتیان هەرێمی کوردستان بکرێت بە قوربانی یارییە سیاسییەکانی هەردوو لا".

 

ماوەی چەند ڕۆژێکە شاندی حكومه‌‌تی ھه‌‌رێم به‌‌سه‌‌رۆكایه‌‌تی قوباد تاڵه‌‌بانی له‌‌به‌‌غدایه‌‌ بۆ دۆزینه‌‌وه‌‌ی چاره‌‌سه‌‌رێكی گونجاو بۆ پرسی دارایی و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا وهەولێر، چەندین کۆبونەوەیان لەگەڵ حکومەتى بەغدا ئەنجامداوە.  

 

لە ‌كۆبوونە‌وە‌كانی پێشوودا، لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراق و لایە‌نە‌ سیاسییە‌كان، قوباد تاڵە‌بانی ڕایگە‌یاند، "ئامادە‌ین رێككە‌وتن لە‌سە‌ر پرسی نە‌وت و دارایی بكە‌ین و ئە‌وە‌ی لە‌سە‌ر حكومە‌تی ھە‌رێمە‌ بە‌پێی یاسا و دە‌ستور جێبە‌جێی دە‌كە‌ین، لە‌بە‌رامبە‌ردا دە‌بێت ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم مسۆگەر بکرێن".

 

هەر ئەمڕۆ شەممە، مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق و محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان سەرۆکایەتى کۆبوونەوەى وەفدى عێراقیان کرد و لە کۆبونەوەیان لەگەڵ وەفدى کوردى گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێک کرا.  

 

سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى عێڕاق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پابەندبوون بە جێبەجێکردنى یاساى پڕکردنەوەى کورتهێنانى دارایى کە مانگى پێشوو پەرلەمان دەنگى لەسەر داوە کراوە.  

 

  

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتوە، هەروەها گفتوگۆ لەسەر ئالیەتەکانى جێبەجێکردنى ئەو یاسایە کراوە بەشێوەیەک تێیدا دادپەروەرى لە دابەشکردنى بەسەر هەموو ناوچەکانى عێراقدا بهێنرێتە دى.