ناس کورد-
بەرێوەبەرى نەخۆشخانەى شارى سلێمانى رایگەیاند، لەیەکەم رۆژى خۆپیشاندانەکانەوە تا ئەمڕۆ ٤٢ بریندار رەوانەى نەخۆشخانەکەیان کراوە و لە ئێستادا تەنها چواریان لە نەخۆشخانەکە ماونەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د.ئومێد عەلى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە رایگەیاند، زۆرترین بریندار لەیەکەم رۆژى خۆپیشاندانەکاندا بووە کە ٢٨ بریندار بووە، رۆژى دووەمیش ١٤ بریندار و ئەمرۆ یەک بریندار هەبووە کە لە هێزە ئەمنییەکان بووە.
وتیشى زۆربەى بریندارەکان رەوانەى ماڵەوە کراونەتەوە جگە لە چوار بریندار نەبێت کە تەندروستى دوانیان ناجێگیرە.
رۆژى (2 کانونی یەکەمی 2020) خۆپیشاندان لەدژى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران و خراپى دۆخى دارایی لە سلێمانیەوە دەستیپێکرد و رۆژى دواتر خۆپیشاندانەکە گرژى لێکەوتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا رێگرى بکەن لە دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندان.
رۆژانى دواتر خۆپیشاندان لە چەند ناوچەیەکى دیکەى سنورى پارێزگاى سلێمانى بەڕێوەچوو، رۆژى (6ى کانونى یەکەمى 2020) خۆپیشاندان لە پیرەمەگرون گرژى لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران کۆمیتەى یەکێتى یان سوتاند و هەوڵى سوتاندنى بارەگاى پارتیاندا بەڵام لەلایەن پاسەوان و هێزێکى زۆرەوە دورخرانەوە.
رۆژى (7ی کانونی یەکەمی 2020) ژمارەیەک لە خەڵکانى ناڕازیی لە سەیدساق و دەربەندیخان و کفری و کەلار و چەمچەماڵ و هەڵەبجە و چەند شارێکی ڕژانە سەر شەقام و بارەگا حزبییەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و چەندی بینایەکی تری حکومی لەو شارانە سوتێنران.
تائێستا بە کۆی گشتی، هەشت کەس لە چەمچەماڵ، دەربەندیخان، کفری، سەیدسادق و تەکیە کوژراون.