گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چاوەڕوانى چى بوو؟

شڤانی کوڕم نوسیبووی بژی پێشمەرگە کەچی بە گولـلەی ئەوان کوژرا

2020.12.11 - 21:14
App store icon Play store icon Play store icon
شڤانی کوڕم نوسیبووی بژی پێشمەرگە کەچی بە گولـلەی ئەوان کوژرا

ناس کورد-

 

شڤان تەنها چوار رۆژ بوو بەسەرکەوتوویی تاقیکردنەوەى پراکتیکى دەرهێنانى مۆڵەتى شۆفێرى تەواوکردبوو، چاوەڕوان بوو بەفەرمى مۆڵەتەکەى پێبدرێت بۆ ئەوەى ببێتە شۆفێر، بەڵام لەسەر شەقامێکى کفرى جەستەى خەڵتانى خوێن کرا و خەونەکەى لەگۆڕنرا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شڤان حەمەشکورى تەمەن ٢١ ساڵان، خوێندکاری کۆلێژی پەروەردە بەشی مێژووی زانکۆی گەرمیان بوو، ئێوارەیەکى درەنگى رۆژى پێنج شەممە (10 کانونی یەکەمی 2020) لەگەڵ براکەى لەدەرەوە بوون کاتێک خۆپیشاندان لە کفرى دەستیپێکردەوە و بەخێرایی گۆڕا بۆ توندوتیژى کاتێک هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد.

 

حەمە شکور باوکی شڤان ئازاد بۆ "ناس کورد" وتى "شڤان خولیای خوێندنەوی کتێبی مێژووی بووەو خۆشی ئەو بەشەی هەڵبژاردووە بۆ خوێندن و ئاواتی تەواوکردنی خوێندن بوو".

 

وتیشى "شڤان زۆرجار نیگەرانی بەرانبەر نا عەدالەتی و واستەو واستەکاری دەربڕیووەو بەردەوام حەزی بەوە بووە بە هەقی خۆی کارەکانی بکات، هیچ کات نەیویستووە داوای شتێک بکات مافی خۆی نەبێت و بەدەر لە یاسا بێت و کەسێکی زۆر پاک و ڕاستگۆ بوو".

 

جگە لە خولیاى تەواوکردنى خوێندن، شڤان خولیاى ئەوەى هەبووە ببێتە شۆفێر، بۆ ئەو مەبەستەش چەند رۆژێک پێش شەهیدبوونى، دوایین کارەکانى بۆ دەرهێنانى مۆڵەتى شۆفێرى تەواوکرد و تەنها وەسڵى مۆڵەتەکەى وەرگرتبووەوە، بەڵام خەونەکەى بردە ژێرگڵ. 

me_ga.php?id=1800

"شڤان زۆر حەزی بە ئۆتۆمبێل بوو بەڵام ئەیوت تا ئەوکاتەی مۆڵەتی شۆفێریم نەبێت ئۆتۆمبێل لێناخوڕم، بۆ ئەوەش ماوەیەکە سەرقاڵی دەرکردنی مۆڵەت بوو تاوەکو چوار ڕۆژ پێش ئێستا لە تاقیکردنەوەی پراکتیکی سەرکەوتوو بوو بەس وەسڵی مۆڵەتەکەی وەرگرت و چاوەڕوان بوو مۆڵەتەکەی بکرێتە فەرمی، بەڵام ڕێگەیان نەدا".

 

ئەو ئێوارەیەی شڤان پێکرا لەگەڵ میرانى برایدا بوو،  ئەوکاتەى تەقەکرا شڤان پێوەبوو، میرانی براشى بریندار بوو.

 

باوکى دەڵێت "خوای گەورە رەحمی پێکردوین کوڕەکەی دیکەم فیشەکەکە بەر قۆڵی کەوتووەو لەوکاتەدا دەستی لە گیرفانی بووە ئەگەرنا بەردڵی دەکەوت".

 

"ئەم گەنجانە چییان کردووە بۆ تەقەیان لێ دەکەن، ئاخر ئەو شوێنەی کوڕەکەمی تێدا شەهید کراوە، هیچ شتێکی لێ نییە نە بارەگای حزبی و نە دام و دەزگای حکومی، بۆ ئەبیت تەقەیان لێبکرێت، ئەوان تەنها داوای مافی خۆیان کردووە"، باوکى شڤان وایوت لەکاتێکدا جەختى لەوەشکردەوە کە کوڕەکەى سەر بە هیچ لایەنێک نەبووە.

 

شڤان لەماڵەوە دۆڵابێکى هەبووە کە کتێبى لەناویدا داناوەو لەسەرى نوسیبوو "پێشمەرگە پارێزەری وڵاتە"، وەک نیشاندانى خۆشەویستى خۆى بۆ پیشمەرگە.

 

باوکى دەڵێت "شڤان نوسیبووى پێشمەرگە پارێزەری وڵاتە، کەچی پێشمەرگە ئەوی کوشت؟ خۆ ئێمە داعش نین بۆ ئەبێت تەقە لەو خەڵکە بکرێت؟".

شڤان بووە دووەم کوژراوى خۆپیشاندانەکانى کفرى و پێنجەم خوێندکارى کوژراو لەکۆى هەشت کوژراوى خۆپیشاندانەکان کە هەفتەیەکە لە سلێمانى و گەرمیان و هەڵەبجە و راپەڕین بەردەوامە.

 

"شڤان فیشەک بەر سنگى کەوتبوو، توشى خوێنبەربوونى ببوو، تا گەیاندمانە نەخۆشخانە گیانى لەدەستدا"، رێبوار عەزیز شۆفێرى ئەو ئۆتۆمبیلەى کە شڤانى گواستەوە بۆ نەخۆشخانە وایوت.

 

رێبوار بۆ "ناس کورد" وتى "شڤان لە باوەشى براکەیدا بوو کاتێک گیانى سپارد".