گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کێ تەقەی کردووە؟

بەرپرسێکى پارتى و لیوایەکى پێشمەرگە لەسەر کوژرانى گەنجەکەى کفرى وەڵامى یەکتر دەدەنەوە

2020.12.10 - 22:06
App store icon Play store icon Play store icon
بەرپرسێکى پارتى و لیوایەکى پێشمەرگە لەسەر کوژرانى گەنجەکەى کفرى وەڵامى یەکتر دەدەنەوە

ناس کورد- 

 

بەرپرسێکى پارتى و لیوایەکى پێشمەرگە لەسەر کوژرانى گەنجەکەى کفرى وەڵامى یەکتر دەدەنەوە، کە ئێوارەى ئەمڕۆ لەکاتى خۆپیشاندانەکاندا کوژرا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی هەواڵێکى رادیۆى دەنگ لە گەرمیان، کۆچەر ئەکبەر حاجی رۆستەم کارگێڕی ناوچەی کفری پارتی رایگەیاندووە، ئەو هێزەی لەبەردەم ناوچەی کفری تەقەیان لە ئەوان و خۆپیشاندەرانیش کردووە "هێزێکی تایبەتی یەکێتی بوون و سەربە لیوای 136ی یەکەی 70 بوون".

 

بەڵام لیوا حاجی عوسمان فەرماندەی لیوای 136ی یەکەی 70 (10ى کانونى یەکەمى 2020) لە رونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە، تەواوی قسەکانی کۆچەر ئەکبەر ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت هیچ پێشمەرگەیەکی ئەوان ڕۆژى پێنج شەممە لە نزیک ناوچەی پارتی تەقەی نەکردووە و ناشیکەن.

 

جەختیشیکردووەتەوە، ئەرکی ئەوان پاراستنی گیانی خۆپیشاندەرانە و ڕێگە بە خۆیان نادەن کاری وابکەن.

 

ئێوارەى ئەمڕۆ دوو سەرچاوە لە کفرى رایگەیاند، لە خۆپیشاندانەکەى ئەمڕۆدا کەسێک کوژراوە و کەسێکى دیکەش بەسەختى برینداربووە.  

  

سەرچاوەکان (10ى کانوونى یەکەمى 2020) بە "ناس کورد" یان راگەیاند، ئەو کەسە لەبەردەم ناوچەى پارتیدا کوژراوە، کاتێک خۆپیشاندەران چونەتە بەردەم بارەگاکە و هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لێکردوون.  

  

باسیان لەوەشکرد، بریندارەکە بەرەو نەخۆشخانەى فریاکەوتنى شەهید هەژار لە کەلار گوازراوەتەوە و تەرمى کوژراوەکەش لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هەڵگیراوەتەوە.  

  

بەوتەى سەرچاوەکان، کوژراوەکە ناوى شڤان محەمەدە و خوێندکارى زانکۆیە.  

  

رۆژى (2 کانونی یەکەمی 2020) خۆپیشاندان لەدژى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران و خراپى دۆخى دارایی لە سلێمانیەوە دەستیپێکرد و رۆژى دواتر خۆپیشاندانەکە گرژى لێکەوتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا رێگرى بکەن لە دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندان.      

  

رۆژانى دواتر خۆپیشاندان لە چەند ناوچەیەکى دیکەى سنورى پارێزگاى سلێمانى بەڕێوەچوو، رۆژى (6ى کانونى یەکەمى 2020) خۆپیشاندان لە پیرەمەگرون گرژى لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران کۆمیتەى یەکێتى یان سوتاند و هەوڵى سوتاندنى بارەگاى پارتیاندا بەڵام لەلایەن پاسەوان و هێزێکى زۆرەوە دورخرانەوە.      

  

رۆژى (7ی کانونی یەکەمی 2020) ژمارەیەک لە خەڵکانى ناڕازیی لە سەیدساق و دەربەندیخان و کفری و کەلار و چەمچەماڵ و هەڵەبجە و چەند شارێکی ڕژانە سەر شەقام و بارەگا حزبییەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و چەندی بینایەکی تری حکومی لەو شارانە سوتێنران.      

  

تائێستا بە کۆی گشتی، هەشت کەس لە چەمچەماڵ، دەربەندیخان، کفری، سەیدسادق و تەکیە کوژراون، زیاتر لە 100 برینداریش لە ڕیزی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان تۆمار کراون.