ناس کورد-
شاندی باڵای حكومەتی ھەرێم بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ ئەو لیژنەی ئەنجومەنی نوێنەران كۆبوویەوە كە راسپێردراوە بۆ گفتۆگۆ كردن و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و دەستوری، بۆ كێشەكانی نێوان ھەرێم و حكومەتی فیدراڵی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە كە وێنەی دراوەتە "ناس كورد" ئێوارەی ئەمڕۆ (10 كانونی یەكەمی 2020) لەكۆبوونەوەكەدا راشكاوانە باس لە ھۆكاری دروستبوونی كێشەكان و چۆنیەتی چارەسەركردنیان كراوە.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، قوباد تاڵەبانی، بە لیژنەی راسپێردراوی راگەیاندووە، حكومەتی ھەرێم ھەموو ئامادەییەكی دەربڕیوە بۆ ئەوەی بەپێی دەستور و یاسا بەركارەكان مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەكانی ھەرێم بكرێت و ئامادەیی دەربڕیوە بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن.
لیژنەی راسپێردراوی پەرلەمان پێشتر كۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق كردووە و لەسەروبەندی ئامادەكردنی راسپاردەكانی خۆیاندان بۆ ئەوەی بەزووترین كات میكانیزمی گونجاو بدۆزنەوە بۆ پرسە ھەڵپەسێردراوكان بەتایبەت دۆسییەكانی نەوت و دارایی.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لەكۆتایی كۆبوونەوەكە لیژنەكە داوای خستنەڕووی پێشنیار و راسپاردەكانیان كرد لەلایەن وەفدی باڵای حكومەتی ھەرێم، بۆ ئەوەی ئەوانیش لەگەڵ پلانەكانی خۆیان یەكیان بخەن و دەرچەیەكی گونجاو دابڕێژرێت كە ئاسانكاریش بكات لە دیاریكردنی ئەرك و مافەكانی ھەرێمی كوردستان لە بودجەی ٢٠٢١.
بڕیاریشە لیژنە پەرلەمانییەكە لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بكات بۆ گەڵاڵەگردنی رێگا چارەیەك كە لەبەرژەوەندی هەردوولا بێت.