کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- بەرپرسێکی ئەمنی ئێران لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕایدەگەیەنێت، لایەنی سێیەم لە نێوان کێشەی ئەمریکا و ئێران هەیە کە پەلەی هەڵگیرسانی شەڕیانە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا، بەڵام هەردوو وڵات پێویستیان بە گفتوگۆ و ڕێککەوتنە. . حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند"گەورە دەسەڵاتدارانی ئێران و ئەمریکا هەڵگیرسانی شەڕیان ڕەتکردووەتەوە، بەڵام یاریکەرانی سێیەم لە پرسەکەدا بۆ وێرانکردنی بەشێکی گەورەی جیهان پەلەیانە". . سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و دەرەوە لە پەرلەمان ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە مێزگردێک لە عێراق یاخود قەتەڕ بۆ کۆکردنەوەی بەرپرسانی هەردوولا پێکبهیندرێت. . وتەکانی ئەو بەرپرسەی ئێران بۆ داواکردنی گفتوگۆی ئەو دوو وڵاتە لە کاتێکدایە پێشتریش عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئێران ئاماژەی بەوەکردبوو، شەڕ لە نێوان ئێران و ئەمریکادا ڕوونادات. . هەروەها دوێنێش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، هیوادارە شەڕ لە نێوان وڵاتەکەی و ئێراندا ڕوونەدات.