گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم تاوتوێی موچە و خۆپیشاندانەکان دەکات

2020.12.09 - 08:13
App store icon Play store icon Play store icon
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم تاوتوێی موچە و خۆپیشاندانەکان دەکات

ناس کورد-

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و تاوتوێی پرسی موچە و پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی عێراق و گرژی و خۆپیشاندانەکانی سلێمانی دەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (9ی کانونی یەکەمی 2020) دەڵێت، ئەنجومەنی وەزیران پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ تاووتوێ كردنی بابەتەكاتی خوارەوە کۆدەبێتەوە.

 

بەپێی ڕوونکردنەوەکە، ئەم سێ خاڵەی خوارەوە تاوتوێ دەکرێت:

• دوا پەرەسەندنەكانی دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ سەبارەت بە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و رەشنووسی پرۆژەی یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی 2021.


• رووداوەكانی ئەم چەند رۆژەی دوایی و بارگرژی و ناڕەزایەتییەكان.

 

• بابەتی دەستپیكردنەوەی دامەزراندن و تۆماركردنی كۆمپانیای نوێ لە بوارەكانی تەندروستی، دەرمان و پێداویستیی پزیشكی.

 

دوێنێ وتە‌بێژی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران ڕایگەیاند، بڕیارە‌ ئەمڕۆ چوارشە‌ممە‌ شاندی باڵای حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان بە ‌سە‌رۆكایە‌تی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، سە‌ردانی بە‌غدا بكات.

 

سە‌میر ھە‌ورامی لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە بۆ ناس کورد نێردراوە (8ی کانونی یەکەمی 2020) دەڵێت، سەردانەکە "بە‌مە‌بە‌ستی بە‌ردە‌وامیدانە بە‌ گفتوگۆكان وگە‌یشتن بە‌ڕێككە‌وتن لە‌بارە‌ی كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان و بە‌تایبە‌ت پرسی دارایی و جێگیر كردنی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان لە‌ پڕۆژە‌ یاسای بودجە‌ی 2021ی عێراق."

 

هەر دوێنێ لە كۆبوونه‌ى هاوبه‌شى پارتى و يه‌كێتى و گۆڕان له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان بڕيار درا به‌ زووترين كات‌ شاندێكى باڵاى سياسى و حكوميى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدا بكات بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵ و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان.

 

دوێنێ سێشه‌ممه‌، 8ی کانونی یەکەمی 2020، بە سه‌رپه‌رشتيى نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى پارتى ديموكراتى كوردستان، يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.

 

لە ڕاگەیەنراوەکە کە ماڵپەری سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردووەتەوە و ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (8ی کانونی یەکەمی 2020) دەڵێت، "كۆبوونه‌وه‌ بڕيارى دا به‌ زووترين كات‌ شاندێكى باڵاى سياسى و حكووميى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدا بكات بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵ و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان بۆ‌ گه‌يشتن به‌ ڕێككه‌وتن و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان، به‌تايبه‌تيش بابه‌تى ماف و شايسته‌ دارايييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و جێگيركردنيان له‌ پڕۆژه‌ياساى بودجه‌ى 2021ى عێراقدا."