گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ژمارەی کوژراوەکانی ناحیەی تەکیە زیادی کرد

2020.12.08 - 18:32
App store icon Play store icon Play store icon
ژمارەی کوژراوەکانی ناحیەی تەکیە زیادی کرد

ناس کورد-

بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، یەکێکی تر لە بریندارەکانی ئەمڕۆی خۆپیشاندانەکانی تەکیە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانیلەدەستدا و ژمارەى ئەو خۆپیشاندەرانەى لە ناحیەکە کوژراون گەیشتە دوو کەس.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

د. فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی چەمچەماڵ بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "بەداخەوە یەکێکی دیکە لە بریندارەکانی خۆپیشاندانەکەی ئێوارەی ئەمڕۆی ناحیەی تەکییە گیانی لەدەستدا و بەوەش کوژراوەکان بوونە دوو کەس."

 

وتیشی، لە ناو سەنتەری قەزای چەمچەماڵ ئەمڕۆ هیچ کوژراوێک نییە و تەنها دوو کەس برینداربوون کە برینەکانیان سوکە و مەترسییان لەسەر نییە.

 

جگە لەو دوو کەسەی ئەمڕۆ، دوێنێ دووشەممەش لە خۆپیشاندانەکەی قەزای چەمچەماڵدا گەنجێک کوژرا و بەوەش ژمارەی کوژراوان لە قەزای چەمچەماڵ بۆ سێ کەس بەرزبووەوە.

 

رۆژى (2 کانوونی یەکەمی 2020) خۆپیشاندان لەدژى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران و خراپى دۆخى دارایی لە سلێمانیەوە دەستیپێکرد و رۆژى دواتر خۆپیشاندانەکە گرژى لێکەوتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا رێگرى بکەن لە دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندان. 

 

رۆژانى دواتر خۆپیشاندان لەچەند ناوچەیەکى دیکەى سنورى پارێزگاى سلێمانى بەڕێوەچوو، رۆژى (6ى کانوونى یەکەمى 2020) خۆپیشاندان لە پیرەمەگرون گرژى لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران کۆمیتەى یەکێتى یان سوتاند و هەوڵى سوتاندنى بارەگاى پارتیاندا بەڵام لەلایەن پاسەوان و هێزێکى زۆرەوە دورخرانەوە. 

 

رۆژى (7ی کانوونی یەکەمی 2020) ژمارەیەک لە خەڵکانى ناڕازیی لە سەیدساق رژانە سەر شەقام و بارەگا حزبییەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو، بیناى قایمقامیەت ئاگریان تێبەردرا.