گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

20ی تریش بریندار بوون

دوو خۆپیشاندەری تر لە سەیدسادق و تەکیە کوژران

2020.12.08 - 17:12
App store icon Play store icon Play store icon
دوو خۆپیشاندەری تر لە سەیدسادق و تەکیە کوژران

ناس کورد-

بەپێی ئەو زانیارییانەى کە ناس کورد لە چەند سەرچاوەیەکی تەندروستیی و ئەمنی سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری وەریگرتووە، لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆدا، دوو خۆپیشاندەر کوژراون و نزیکەى 20 برینداریش لە ڕیزەکانی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان تۆمار کراون. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

حەیدەر سەراوی، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی شەهید ڕەئوف بەگ لە سەیدسادق بە ناس کوردی ڕایگەیاند، ئەمرۆ مێرمنداڵێکی تەمەن 15 ساڵ بە گولـلە کوژراوە و تەرمەکەى هاتووەتە نەخۆشخانە، هەروەها شەش برینداری تر تۆمار کراون کە سیانیان لە هێزە ئەمنییەکانن.

 

جەختی کردەوە کە سەرجەم بریندارەکان لە ڕیزەکانی خۆپیشاندەران بە گولـلە بریندار بوون.

 

هەروەها سەرچاوەیەک لە سەنتەری ھەماھەنگی ھاوبەشی لە سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند، خۆپیشاندەرێکی تر لە ناحیەی تەکیە کوژراوە، پەیامنێری ناس کورد جەختی لە زانیارییەکە کردەوە و ڕایگەیاند، ئەو گەنجەى کوژراوە ناوی هیوا فەرهادە و تەمەنی لە 20 ساڵ زیاترە.

 

ئەو سەرچاوەیە بە مەرجی ناونەهێنانی بە ناس کوردی (8ی کانونی یەکەمی 2020) وت، "تائێستا دوو کوژراو و شەش بریندار ڕەوانەی نەخۆشخانەکەیانی سلێمانی کراوە."

 

وتیشی، سەرجەم کوژراو و بریندارەکان لە ئاکامی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی ناحییەی تەکییە و قەزای سەیدسادق پێکراون.

 


رۆژى (2 کانونی یەکەمی 2020) خۆپیشاندان لەدژى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران و خراپى دۆخى دارایی لە سلێمانیەوە دەستیپێکرد و رۆژى دواتر خۆپیشاندانەکە گرژى لێکەوتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا رێگرى بکەن لە دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندان.

 


رۆژانى دواتر خۆپیشاندان لە چەند ناوچەیەکى دیکەى سنورى پارێزگاى سلێمانى بەڕێوەچوو، رۆژى (6ى کانونى یەکەمى 2020) خۆپیشاندان لە پیرەمەگرون گرژى لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران کۆمیتەى یەکێتى یان سوتاند و هەوڵى سوتاندنى بارەگاى پارتیاندا بەڵام لەلایەن پاسەوان و هێزێکى زۆرەوە دورخرانەوە.

 


رۆژى (7ی کانونی یەکەمی 2020) ژمارەیەک لە خەڵکانى ناڕازیی لە سەیدساق و دەربەندیخان و کفری و کەلار و چەمچەماڵ و هەڵەبجە و چەند شارێکی ڕژانە سەر شەقام و بارەگا حزبییەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و چەندی بینایەکی تری حکومی لەو شارانە سوتێنران.