گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

تەندروستی دەربەندیخان ژمارەی کوژراو و برینداری خۆپیشاندانەکان ئاشکرا دەکات 

2020.12.08 - 12:04
App store icon Play store icon Play store icon
تەندروستی دەربەندیخان ژمارەی کوژراو و برینداری خۆپیشاندانەکان ئاشکرا دەکات 

ناس کورد- 

سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی دەربەندیخان ژمارەی بریندار و کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکەی شەوی رابردوی قەزاکەى ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی گشتی دەربەندیخان (8ی کانونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، لە خۆپیشاندانەکەی شەوی رابردوی قەزاکە یەک کەس کوژراوە و نۆ بریندار هەبووە کە چوار لە بریندارەکان برینداری فیشەک بوون و ئەوانی دیکەش بەهۆی بەرد و گازەوە بریندارببون و دوان لەو نۆ بریندارەش لە هێزە ئەمنییەکان بوون.

 

باسی لەوەشکرد، یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی ناجێگیری دۆخی تەندروستی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراوە و ئەوانی دیکە زۆربەیان برینەکەیان سوکە.

 

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی رەتکردەوە ئەو خۆپیشاندەرەی گیانی لەدەستداوە بەهۆی ئاربیجییەوە بێت و وتی "ئەویش برینداری فیشەک بووە بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستداوە".

 

ڕۆژى (2 کانونی یەکەمی 2020) خۆپیشاندان لەدژى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران و خراپى دۆخى دارایی لە سلێمانیەوە دەستیپێکرد و رۆژى (3 کانونی یەکەم) خۆپیشاندانەکە گرژى لێکەوتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا رێگرى بکەن لە دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندان.

 

رۆژانى دواتر خۆپیشاندان لەچەند ناوچەیەکى دیکەى سنورى پارێزگاى سلێمانى بەڕێوەچوو، رۆژى (6ى کانونى یەکەمى 2020) خۆپیشاندان لە پیرەمەگرون گرژى لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران کۆمیتەى یەکێتى یان سوتاند و هەوڵى سوتاندنى بارەگاى پارتیاندا بەڵام لەلایەن پاسەوان و هێزێکى زۆرەوە دورخرانەوە.

 

رۆژى (7ی کانونی یەکەمی 2020) ژمارەیەک لە خەڵکانى ناڕازیی لە سەیدساق رژانە سەر شەقام و بارەگا حزبییەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو، بیناى قایمقامیەت ئاگریان تێبەردرا.  

 

بازنەى خۆپیشاندانەکان (7ی کانونی یەکەمی 2020) فراوانتر بوون و تا درەنگانى شەو بەردەوام بوون، چەندین بارەگاى حزبى و حکومى لە دەربەندیخان، پیرەمەگرون، کفرى سوتێنران. 

 

بەپێی ئامارەکان، لەخۆپیشاندانەکاندا تا ئێستا 35 کەس برینداربوون و سێ کەسیش کوژراون.