ناس کورد-
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی گشتیی هەڵەبجە بە ناس کوردی ڕاگەیاند، لە خۆپیشاندانەکەى ئەمشەوی قەزاکە سێ خۆپیشاندەر بریندار بوون کە برینی دووانیان سەختە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرچاوەکە بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوەکەى بە ناس کوردی وت، "سەرجەم خۆپیشاندەران بە گولـلە بریندار بوون و دووانیان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەى سلێمانی کراون."
ئێوارەى ئەمڕۆ خۆپیشاندان لە هەڵەبجەش دەستپێکرد و لە بەردەم مەڵبەندی یەکێتی لە شارەکە کۆبوونەوە، دەنگی پەیامنێری ناس کورد جەختی کردەوە کە تەقەیەکی زۆر کراوە.
رۆژى (2 کانونی یەکەمی 2020) خۆپیشاندان لەدژى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران و خراپى دۆخى دارایی لە سلێمانیەوە دەستیپێکرد و رۆژى دواتر خۆپیشاندانەکە گرژى لێکەوتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا رێگرى بکەن لە دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندان.
رۆژانى دواتر خۆپیشاندان لەچەند ناوچەیەکى دیکەى سنورى پارێزگاى سلێمانى بەڕێوەچوو، رۆژى (6ى کانونى یەکەمى 2020) خۆپیشاندان لە پیرەمەگرون گرژى لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران کۆمیتەى یەکێتى یان سوتاند و هەوڵى سوتاندنى بارەگاى پارتیاندا بەڵام لەلایەن پاسەوان و هێزێکى زۆرەوە دورخرانەوە.
رۆژى (7ی کانونی یەکەمی 2020) ژمارەیەک لە خەڵکانى ناڕازیی لە سەیدساق رژانە سەر شەقام و بارەگا حزبییەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو، بیناى قایمقامیەت ئاگریان تێبەردرا.