گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’نیگەرانین’’

مافى مرۆڤى عێراق ڕاگەیەنراوێکی لەسەر خۆپیشاندانەکانى هەرێم بڵاوکردەوە

2020.12.07 - 19:10
App store icon Play store icon Play store icon
مافى مرۆڤى عێراق ڕاگەیەنراوێکی لەسەر خۆپیشاندانەکانى هەرێم بڵاوکردەوە

ناس کورد-

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق ڕایگەیاند، ماوەی سێ ڕۆژە بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی خۆپێشاندانەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات و داوا دەکات بەزووترین کات حکومەتی فیدراڵی وحکومەتی هەرێم ڕێکبکەون.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کۆمسیۆنەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی دەست "ناس کورد" کەوتووە (7ی کانوونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، "بە هەموو شێوەیەک سیاسەتی کپکردنەوەی دەنگی ئازاد و ڕێگریکردن لەخۆپیشاندانی ئاشتیانەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ڕەتدەکەینەوە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە "ماوەی سێ ڕۆژە لەسەر یەک بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری دۆخی خۆپێشاندانەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە تێیدا هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی داپڵۆسێنەرانەی بەرەنگاربوونەوەی خۆپێشاندانەکان بوونەتەوە".

 

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لەعێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، "کپکردنەوەی دەنگی ئازاد و داخستنی کەناڵی ئاسمانیی ئاماژەیەکی نەرێنیە لەسەرنەبوونی مافە مەدەنییەکان و ئازادی ڕادەربڕین لەهەرێمی کوردستان".

 

رۆژى (2 کانونی یەکەمی 2020) خۆپیشاندان لەدژى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران و خراپى دۆخى دارایی لە سلێمانیەوە دەستیپێکرد و رۆژى دواتر خۆپیشاندانەکە گرژى لێکەوتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا رێگرى بکەن لە دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندان.

 

رۆژانى دواتر خۆپیشاندان لەچەند ناوچەیەکى دیکەى سنورى پارێزگاى سلێمانى بەڕێوەچوو، رۆژى (6ى کانونى یەکەمى 2020) خۆپیشاندان لە پیرەمەگرون گرژى لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران کۆمیتەى یەکێتى یان سوتاند و هەوڵى سوتاندنى بارەگاى پارتیاندا بەڵام لەلایەن پاسەوان و هێزێکى زۆرەوە دورخرانەوە.

 

رۆژى (7ی کانونی یەکەمی 2020) ژمارەیەک لە خەڵکانى ناڕازیی لە سەیدساق رژانە سەر شەقام و بارەگا حزبییەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و سۆسیالیست و یەکگرتوو، بیناى قایمقامیەت ئاگریان تێبەردرا.


هەمان رۆژ لەچەمچەماڵیش خۆپیشاندان ئەنجامدرا کە دواتر گرژى لێکەوتەوە و کەسێک کوژرا و دووانى دیکەش برینداربوون.