ناس کورد-
ئەندامێکى سەرکردایەتى کۆمەڵ رایگەیاند، جیاوازی نەکردن لەنێوان حیزبەکان و سوتاندنى بارەگاکانیان هەوڵێکە بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایییەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فاروق عەلى لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک کە "ناس کورد" بینیویەتى نوسیویەتى "جیاوازی نەکردن لەنێوان حیزبەکان و بەیەک چاوسەیرکردنیان و پەلاماروسوتاندنی بنکەوبارەگاکانیان بەبێ جیاوازی، هەوڵێکە بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایی جەماوەر و خۆپیشاندانەکان و کەم کردنەوەی پشتیوانی جەماوەرو چین و توێژەجیاوازەکانە لەداخوازی خۆپیشاندەران".
رۆژى (7ی کانونی یەکەمی 2020) ژمارەیەک لە خەڵکانى ناڕازیی لە سەیدساق رژانە سەر شەقام و بارەگا حزبییەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و سۆسیالیست و یەکگرتوو، بیناى قایمقامیەت ئاگریان تێبەردرا.
رۆژێک پێشتر (6ى کانونى یەکەمى 2020) خۆپیشاندان لە پیرەمەگرون گرژى لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران کۆمیتەى یەکێتى یان سوتاند و هەوڵى سوتاندنى بارەگاى پارتیاندا بەڵام لەلایەن پاسەوان و هێزێکى زۆرەوە دورخرانەوە.
رۆژى (2 کانونی یەکەمی 2020) خۆپیشاندان لەدژى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران و خراپى دۆخى دارایی لە سلێمانیەوە دەستیپێکرد و رۆژى دواتر خۆپیشاندانەکە گرژى لێکەوتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا رێگرى بکەن لە دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندان.