گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

رۆژنامەیەکى لەندەنى: لێبوردن بۆ تاریق هاشمى دەردەکرێت

2020.12.07 - 12:24
App store icon Play store icon Play store icon
رۆژنامەیەکى لەندەنى: لێبوردن بۆ تاریق هاشمى دەردەکرێت

ناس كورد-

رۆژنامەى ئەلعەرەبى چاپى لەندەن بڵاویکردەوە لەمیانەى ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنە گشتییە پێشوەختەکەى ساڵى داهاتوو هەندێ لایەنى شیعە بەتەمان لەچوارچێوەى لێکتێگەیشتنى ئێران و تورکیادا هەندێ کەسایەتى سوننە بگەڕێننەوە بۆ ناو گۆڕەپانى سیاسى عێراق لەپێش هەموویانەوە تاریق هاشمى.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ئەلعەرەب لە ژمارەى ئەمڕۆ (٧ کانونى یەکەمى ٢٠٢٠) کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە لەزارى چەند سەرچاوەیەکى سیاسییەوە بڵاویکردووەتەوە کە سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى فالح فەیاز, سەرقاڵى نێوانگیرییە بۆ سەفقەیەکى یاسایی کە رێگە بۆ گەڕانەوەى چەند کەسایەتییەکى سوننەى تاراوگە خۆش دەکات لەوانەش جێگرى پێشووترى سەرۆک کۆمار تاریق هاشمى.

 

تاریق هاشمى کە جێگرى سەرۆک کۆمارى پێشووتر تاڵەبانى بوو, لەسەردەمى ویلایەتى نورى مالیکى تۆمەتبارکراوە بەسەروکاریکردنى کارى تیرۆریستى, لە ئەیلولى ٢٠١٢ بە غیابى دوو حوکمى لە سێدارەدانى بۆ دەرکراوە, کەناڵى فەرمى دەوڵەتیش (العراقیة) هەندێ گرتەى پاسەوانەکانى ناوبراوى پەخش کرد لەبارەى تێوەگلانیان لە کارى تیرۆریستى و سەربڕین و رفاندن و تەقینەوە بە فەرمانى هاشمى لەنێوان ساڵى ٢٠٠٦_ ٢٠١٠ .

 

هاشمى کە ئێستا لەنێوان قەتەر و تورکیادا دەژى بەتوندى تۆمەتەکانى سەرى رەت دەکاتەوە و خۆى بەقوربانى سیاسەتى تاکڕەوانە و مەزهەبیانەى نورى مالیکى دەداتە قەڵەم.

 

بەپێى زانیارییەکانى ئەلعەرەب گەڕانەوەى تاریق هاشمى لەچوارچێوەى لێکتێگەیشتنێکى ئێرانى _ تورکى دایە بۆ قۆناغى داهاتوو بەو پێیەى هاشمى سەر بەمیحوەرى قەتەر _ تورکیایە و ئەوانەشى دەتوانن بیگەڕێننەوە هێزە شیعەکانى نزیک لە ئێرانن.