ناس کورد-
لیژنەى دارایى لەپەرلەمانى عێراق پێشبینى دەکات پڕۆژە بودجەى ساڵى داهاتوو کۆتایى ئەم هەفتەیە یاخود سەرەتاى هەفتەى داهاتوو بگاتە پەرلەمان، دەشڵێت، ڕێژەى کورتهێنانى خەرجیە گشتیەکان دەگاتە 40% بۆ 50% لە پڕۆژەکەدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەرى لیژنەى دارایى لەپەرلەمانى عێراق لەلێدوانێکى بۆ ڕۆژنامەى سەباح کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، (7ى کانوونى یەکەمى 2020) ڕایگەیاند، پڕۆژە بودجەى ساڵى 2021 لەکۆتایى ئەم هەفتەیە یاخود سەرەتاى هەفتەى داهاتوو دەگاتە پەرلەمان.
سەفار هۆکارى دواکەوتنى بودجەکەشى بۆ پەرلەمان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە گۆڕانکارى خێرا لەنرخەکانى نەوتدا ڕوویانداوە و نرخى بەرمیلێک نەوت گەیشتووەتە 49 دۆلار و دەشڵێت داوا کراوە چاوخشانەوە بەو نرخەدا بکرێت کە لە پڕۆژە بودجەکەدا بۆ نەوت دیاریکراوە چونکە ئەوە کاریگەرى لەسەر داهات و کورتهێنان و چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ خەرجیەکانیشدا دەبێت.
بڕیاردەرى لیژنەى دارایى پێشبینى دەکات، کورتهێنانى دارایى بگاتە نێوان 40% بۆ 50% لەخەرجییەکان.
سەفار ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، هۆکارێکى ترى دواکەوتنى بودجە بۆ دانوستانەکانى نێوان وەزارەتى دارایى و سندوقى دراوى نێودەوڵەتى بۆ دیاریکردنى نرخى دینارى عێراقى دەگەڕێتەوە.
بڕیاردەرى لیژنەى دارایى ئەوەشى ئاشکرا کردووە، بوچونێک بۆ کەمکردنەوەى نرخى دینارى عێراقى لەبەرامبەر دۆلاردا هەیە و گرتنەبەرى ئەو ڕێوشوێنەش دەبێتە هۆى هەڵئاوسان و کاریگەرى خراپ دەکاتە سەر ئەوانەى کە داهاتى سنورداریان هەیە بەتایبەت ئەوانەى پشتیان تەنها بەموچە بەستووە.