گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’چارەسەرى تەعریب لەبەغدایە’

کورد هەڵوێستى خۆى لەبارەى پێدانى پارێزگارى کەرکوک بە تورکمان یەکدەخات

2020.12.06 - 23:13
App store icon Play store icon Play store icon
کورد هەڵوێستى خۆى لەبارەى پێدانى پارێزگارى کەرکوک بە تورکمان یەکدەخات

ناس کورد-

حزبە کوردستانییەکانى کەرکوک کۆبوونەوە و جەختیانکردەوە ئەگەر پۆستى پارێزگار بدرێت بە تورکمان ئەوکاتە پێکەوە بڕیار دەدەن و هەڵوێستى خۆیان رادەگەیەنن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

محەمەد دوشیوانى بەرپرسى مەڵبەندى یەکیتى لە کەرکوک  (6ى کانونى یەکەمى 2020) دواى کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەنوسانى راگەیاند "مەسەلەى گۆڕینى پارێزگار و پێدانى بە تورکمان جارێ هەر قسەیە، ئەگەر شتێکى وا هەبێت پێکەوە بڕیار دەدەین".

 

وتیشى "بڕیارمانداوە لیژنەیەک پێکبهێنین بۆ سەردانیکردنى عەرەب و تورکمانەکان بۆ تاوتوێکردنى رەوشى کەرکوک".

 

لەبارەى پرسی تەعریبەوە، محەمەد دوشیوانى رایگەیاند، ئەو پرسە چارەسەرەکەى لەکەرکوک نییە، بەڵکو لەبەغدایە.

 

پێشتر ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک باسى لە بوونی هەوڵێک کردبوو بۆ گۆڕینی پارێزگاری کەرکوک بە کەسێکی تورکمان.

  

ئازاد جەباری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە لە ئێستادا کارەکانی ئەو ئەنجومەنە سڕکراوە (چوارشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2020) بە "ناس کورد"ی راگەیاند، هەوڵێک هەیە بۆ لەسەر کارلابردنی پارێزگای ئێستای کەرکوک و دانانی کەسێکی تورکمان بۆ ئەو پۆستە و هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمیش ئاگاداری ئەو هەوڵەن.  

  

لەلایەکی دیکەوە محەمەد گوڵدەرەیی سکرتێری مەکۆی کەرکوکی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ "ناس کورد" وتی "بەپێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانیش کورد دەنگی یەکەمە لە کەرکوک و پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش پشکی کوردەو هەر گۆڕانکارییەک بکرێت دەبێت ئەو پۆستە بدرێتەوە کورد".  

  

سەبارەت بە ئاگادارکردنەوەی لایەنە کوردستانییەکانی کەرکوک لە گۆڕینی پارێزگاری کەرکوک، سکرتێری مەکۆی کەرکوکی بزوتنەوەی گۆڕان وتی "بە فەرمی لەو پرسە ئاگادار نەکراون و پێ ناچێت ئەو گۆڕانکارییەش بکرێت، چونکە تورکمان لە کەرکوک پێگەیەکی فراوانیان نییە و حکومەتی عیراق دڵنیایە لەوەی هەر گۆرانکارییەک بکات لەو پۆستەدا کێشەیەک بۆ پارێزگاکە دروست دەکات بۆیە پێ ناچێت پارێزگاری ئێستای کەرکوک لاببرێت و وەک ئەوەی دەوترێت تورکمانێک بخرێتە شوێنی".