ناس کورد-
پارتى دوو گروپ بە هێرشکردنە سەر بارەگاکەیان لە پیرەمەگرون تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن بارەگاکە رادەستناکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شیروان عهبدوڵا، بهرپرسی لیژنهى ناوچهی پیرهمهگرونی پارتی بە میدیاکانى حزبەکەى راگەیاندووە، تەقە لە بارەگاکەیان دەکرێت و دروشم لەدژیان دەوترێتەوە، کە ئەندامانى پەکەکە و ژمارەیەک هاوڵاتى ناوەڕاست و خواروى عێراقى تێدایە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، بارهگاكهیان دهپارێزن و ئامادهنین ڕادهستی بكهن، "له ناو خۆپێشاندهرانهوه ئاگر فڕێ دهدهنه ناو بارهگاكهمان ئهو ئاگرهش كهوتوبوویهوه كوژاندوومانهتهوه".
لە خۆپیشاندانەکەى پیرەمەگروندا بارەگاى کۆمیتەى یەکێتى سوتێنرا و هەواڵى سوتانى بارەگاى گۆڕانیش بڵاوکرایەوە، بەڵام دواتر گۆڕان رایگەیاند کە هیچ بارەگایەکى لەو ناحیەیە نییە.
پێگەى فەرمى یەکێتى بڵاویکردەوە، ژمارەیەك لەهاووڵاتیانی ناحیەی پیرەمەگرون چونە سەر بارەگای كۆمیتەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بەبێ ئەوەی هیچ گرژییەك لەنێوان پاسەوانانی كۆمیتەكە و خۆپیشاندەراندا روبدات، خۆپیشاندەران بارەگای كۆمیتەی یەكێتیان سوتاند.
ئاماژەى بەوەشکردووە "دوای سوتاندنی بارەگای كۆمیتەی یەكێتی، خۆپیشاندەران چونە سەر ناوچەی پارتی، بەڵام لەلایەن پاسەوانانی ناوچەی پارتییەوە بەچەك وەڵامدرانەوەو تەقەیان لێكراو دواتر بارەگای ناوچەكەیان سوتاند".
بەڵام بەرپرسى لیژنەى ناوچەى پیرەمەگرونى پارتى رایگەیاند، زیاتر لەسێ کاتژمێرە تەقەیان لێدەکرێت، خەڵکێکى زۆر لەبەردەم بارەگاکە کۆبووەتەوە و تەقەیان لێدەکەن.
لاى خۆیەوە، بازنەی پیرەمەگروونی بزوتنەوەی گۆڕان لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، هیچ مەکۆ و بارەگایەکیان لە پیرەمەگرون نییە تا سوتێندرابێت.