گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

توندتر لە کۆرۆنا

شۆکێک غادەى بەرەو مەرگ برد

2020.12.06 - 19:44
App store icon Play store icon Play store icon
شۆکێک غادەى بەرەو مەرگ برد

ناس کورد-

سەرەڕاى ئازار و ناڕەحەتى زۆر بەهۆى توشبوونى بەکۆرۆناوە، هێشتا غادە خۆراگر بوو بەهیواى بینینى کۆرپەکەى ناو سکى، بەڵام پێدانى هەواڵى مردنى کۆرپەکەى بەتەواوى دایڕوخاند و جارێکى نەیتوانى هەستێتەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

غادە لەتیفى تەمەن 20 ساڵان ساڵێک لەمەوبەر لەگەڵ نیهاد زەماوەندیان کرد، چاوەڕوانى هاتنە دنیاى یەکەم منداڵیان بوون، کاتێک کۆرۆنا بەرۆکى پێگرت و زیاتر لە 100 رۆژى رەبەق لە نەخۆشخانە هێشتییەوە.

 

غادە سەرەتا چەند نیشانەیەکى وەکو تاو بێهێزى لەسەر دەرکەوت کە هاوکات بوو لەگەڵ ناڕەحەتییەکانى دووگیان بوونى، بۆیە کەسوکارەکەى بردیانە نەخۆشخانەى خانەقین و لەیەکەم پشکنیندا توشبوونى بە کۆرۆنا دەرنەکەوت، بەڵام بەهۆى خراپى تەندروستییەوە چەند رۆژێک هێڵرایەوە.

 

کەسوکارەکەى دواتر غادەیان بۆ نەخۆشخانەى قەڵا لە کەلار گواستەوە و دەرکەوت کە توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بووە و کاریگەرى زۆرى لەسەر سییەکانى دروستکردووە.

 

مامۆستا نیهاد هاوسەرى غادە بۆ "ناس کورد" ى گێڕایەوە، کە بڕیاربووە غادە ببەنە دەرەوەى وڵات بۆ گۆڕینى سییەکانى، بەڵام فریا نەکەوتوون، "کێشەکە ئەوەبوو بەرگەى چونە دەرەوەشى نەدەگرت و بەبێ ئۆکسجین نەیدەتوانى هەناسە بدات و 75-80%ى سییەکانى لەدەستدابوو".

 

غادە دوو ساڵ بوو خوێندکارى شەشى ئامادەیی بوو، ئەمساڵ تەنها لە وانەى ئینگلیزى کەوتبوو، بەڵام نەیتوانى سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

وەک نیهادى هاوسەرى دەیگێڕێتەوە، تا دواى مانگێکیش مانەوەى لە نەخۆشخانە دۆخى غادە باش بووە، بەڵام پێدانى هەواڵى مردنى کۆرپەکەى ناو سکى تەواو دایڕوخاندووە.

 

غادە تا پێش ئەو کاتە بەردەوام پرسیارى کۆرپەکەى دەکرد، نیهادیش هەواڵەکەى لێدەشاردەوە و پێ دەوت کە لە ژیاندایە و لەناو شوشەدایە بۆ ئەوەى تەندروستى جێگیر بێت، "رۆژێک کەسێک چوبووە تەنیشتى وتبووى ئەمە ئەو ژنەیە کە منداڵەکەى لەبارچووە، ئەو قسەیە وەک ئەوە وابوو چەکوشێکى گەورە بەسەردا بکێشیت".

 

نیهاد دەڵێت، غادە بەو هەواڵە گەورەترین گورزى بەرکەوت، رەش رەش هەڵگەرا، لەکاتێکدا پێش ئەوە رەنگێکى تەندروستى جوانى هەبوو، "پێی وتم  منداڵەکەمان مردووە، وتم نا، وتى نا دەزانم کە مردووە" .

 

"لەو رۆژەوە کە ئەوەى بیست غادە نەهاتەوە سەرخۆى بەردەوام دۆخى خراپتر دەبوو، زیاتر لە کۆرۆناکە کاریگەرى لەسەر دروستکرد تا دواتر کۆچى دواییکرد".

 

غادە لەو ماوەیەى کە لە نەخۆشخانە ماوەتەوە شەش بۆ حەوت جار غەسلى گورچیەلەی بۆ کراوە و بەردەوام پێویستى بە ئۆکسیجن هەبووە بۆ ئەوەى بتوانێت هەناسە بدات.

 

د. سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەى قەڵا کە غادە دوایین ساتەکانى ژیانى لەو نەخۆشخانەیە بەسەربرد بە "ناس کورد" ى رایگەیاند، غادە پێنج رۆژ پێش ئەوەى ببرێتە نەخۆشخانە تووشى کۆرۆنا بووە و منداڵەکەى لەبارچووە، دواى ماوەیەک گورچیلەکانى سست بووە.

 

غادە دواى مانەوەى نزیکەى 40 رۆژ لە نەخۆشخانە کۆرۆناى تێپەڕاند، بەڵام بەردەوام دۆخى بەرەو خراپى دەچوو، تا ماوەیەک رەوانەى سلێمانى کرا و دوبارە گەرێنرایەوە کەلار.

 

د. سیروان دەڵێت، دواى دوو مانگ دەرکەوت غادە 60-70%ى سییەکانى لەدەستداوە، یەک چارەسەر هەبوو ئەویش چاندنى سیییەکانی بوو، بەڵام فریانەکەوت ببرێتە دەرەوە بۆ چارەسەر و گیانى لەدەستدا.