ناس کورد-
ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی حزبەکەی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان ئاشكراکرد و رایگەیاند، بە جیا لەگەڵ ئەو دوو حزبە کۆدەبنەوە و جگە لەوەی تاوتوێی كۆمەڵێك پرسی تایبەت بە هەرێم دەکەن، ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی سێ قۆڵیش دەکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی و ئەندامی ئەو شاندەی ئەمڕۆ سەردانی سلێمانی دەکەن بە میدیای فەرمیی حزبەکەی (6ی کانونی یەکەمی 2020) ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ وەكو شاندی پارتی، كە پێكھاتووە لە ھۆشیار زێباری و مەحمود محەمەد و پشتیوان سادق و بەندە، بەڕێكەوتووین بۆ سلێمانی بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان لەبارەی كۆمەڵێك پرس".
وتیشی، "لەگەڵ یەكێتی كۆدەبینەوە و باسی ئەو خاڵانە دەكەین كە پێشتر باسیان لێوە كرابوو و ئێستاش ئامادە كراون، هەروەها سەردانی گۆڕانیش دەكەین و كۆمەڵێك پرس تاووتوێ دەكەین لەبارەی دۆخی ئێستای ھەرێمی كوردستان و عێراق و ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی سێقۆڵی لە نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕان لە سەرۆكایەتیی ھەرێم".