ناس کورد-
سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق عادل عەبدولمەهدی لەیەكەم دیداری بەرفراواندا پاش دەستلەكاركێشانەوەی لەپۆستەكەی لەبارەی هۆكاری پاشەكشەی حكومەتەكەی و گوشاری ئەمەریكییەكان و بارودۆخی پاش خۆپیشاندانەكان روونكردەوەی دا.
لە دیدارەكەدا كە تیمی توێژینەوەی ستراتیجی ئامۆژگای عێراقی بۆ دیالۆگ سازی كردووە و "ناس كورد" خوێندنەوەی بۆ كردووە (هەینی 4 كانونی یەكەمی 2020) عەبدولمەهدی لەبارەی دەستلەکارکێشنەوەی لە سەرۆکی حکومەت جەختیکردەوە، "حكومەتەكەم بەتەنها و بەبێ پاڵپشتی سیاسی و پەرلەمانی بەجێھێڵرا، لەهەر وڵاتێكیشدا بەرژەوەندی زۆرینە مسۆگەر نەكرێت ئەوە ئۆقرەیی نابینێت".
سەرۆک وەزیرانى پێشووی عێراق باسى لەوەش کرد، پەندێکى سەختیان وەرگرتووە و لەدواى خۆپیشاندانەکانى تشرینیشەوە چەمکە پیرۆزەکان تێکو پێکشکان، ساڵى 2019 قسە لەسەر شەڕى نێوان شیعە لەگەڵ شیعە و ڕووخاندنى سیستمەکە دەکرا، بەڵام ئەوەش ڕووینەدا.
عەبدولمەهدى ئەوەشى بیرهێناوەتەوە، ئەمەریکییەکان بۆ شکستپێهێنانى دانیشتنى پەرلەمان لەسەر دەرکردنى هێزەکانیان کارێکى زۆر مەحاڵیان کردووە و پرسى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکاش لەعێراق لەدواى پێکهێنانى کابینەکەى مستەفا کازمى تەمومژاوى بووە و واشنتۆنیش بەئارەزووى خۆى کات دەکوژێت.
سەرۆک وەزیرانى پیشووى عێراق بەدووریشی دەزانێت شەڕى ناو شارەکان دەستپێبکات، بەڵام پێشبینى پێکدادانى عەشایەرى و تەنانەت پێکدادانى سیاسیش دەکات لەسنورێکى بەرتەسکدا.