ناس كورد-
ژمارەیەک لە پەرلەمانتارى کوردستان راگەیەندراوێکیان لەبارەى خۆپیشاندانەکانى شارى سلێمانى بڵاوکردەوە و تیایدا هۆشدارى لە پێشهاتى چاوەڕواننەکراو دەدەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ژمارەیەک لە پەرلەمانتارى کوردستان کە خۆیان وەک "پەرلەمانتارانى ناڕازى" ناساندووە لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە (4ى کانونى یەکەمى 2020) ئاماژە بەوە دەکەن، هۆشداری دەدەینە دەسەڵات، ئەگەر پەلە نەکات لە چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، پێشهاتی گەورە و چاوەڕواننەکراو بەرێوەیە و دواتر چارەسەرکردنی ئاستەم دەبێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە پەلاماردانى سێ پەرلەمانتار دراوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کە بەشدارى خۆپیشاندانەکانیان کردبوو.
داواش کراوە هەرچى زووە پەلاماردەران ڕاپێچى دادگا بکرێن و چیتر دادگا و یاسا بۆ خزمەتی تاوان و بڕیارەکانی دەسەڵات بەلارێدا نەبرێن.
لەبەشێکى ترى راگەیەندراوەکەدا سەرکۆنەى ئەو پەلاماردان و دەستدرێژییانە کراوە کە کراوەتە سەر پەرلەمانتاران و خۆپیشاندەران و ئاماژە بەوە کراوە "هۆشداریش دەدەینە دەسەڵاتدارانی هەرێم، کە چارەسەرکردنی کێشەی خەڵکی کورستان و موچەخۆران و دەربازکردنیان لەم کارەساتە مرۆیی و ئابورییەی بەهۆی سیاسەتی تاڵانیی نەوت و قاچاخچێتیی سنورەکان و کەلهرەقی دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە دروستبوە، بەم ئەقڵییەتەی حکومڕانیی چارەسەر ناکرێت و دەبێت مل بۆ داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بدەن، دەبێت هەرچی زوە پەلاماردەران راپێچی دادگا بکرێن و چیتر دادگا و یاسا بۆ خزمەتی تاوان و بڕیارەکانی دەسەڵات بەلارێدا نەبرێن و دەستبەجێ دەستگیرکراوەکانیش ئازادبکرێن".