ناس کورد-
دواى ئەوەى سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایانکرد، ئەندامانى ڕێکخراوى ئۆپێک ڕێککەوتوون لە سەرەتاى ساڵى داهاتوو بڕێکى کەم بەرهەمى نەوت زیاد بکەن، نرخى نەوتى خاو دەستى بە بەرزبونەوە کرد و لە 49 دۆلار نزیک بووەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێى ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە ئابوریەکان، (پێنجشەممە 3ى کانونى یەکەمى 2020) نرخى نەوتى خاو دەستى کردووە بە بەرزبوونەوە و یەک بەرمیل خاوى برێنت لە سەروو 48 دۆلار و 80 سەنتەوە مامەڵەى پێوە دەکرێت.
بەپێى ئەو ڕاپۆرتانە، هەروەها بەرمیلێک خاوى خۆرئاواى تەکساسى ئەمریکا لەسەروو 45 دۆلار و 70 سەنت و یەک بەرمیل خاوى ڕێکخراوى ئۆپێکیش بە 46 دۆلار و 67 دەفرۆشرێن.
شارەزایانى بوارى نەوت ئاماژە بەوەدەکەن، بەرزبونەوەى نەوت دواى ئەو هەواڵانەیە کە لە زارى سەرچاوەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، گوایە ڕێکخراوى ئۆپێک ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەى لە سەرەتاى ساڵى داهاتوو بڕێکى کەم بەرهەمى نەوت زیاد بکەن کە ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیلە.