ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی هێرشکردنەسەر نەخۆشخانەی ڕزگاری لەلایەن کەسوکاری کۆچکردوویەکەیەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو کەسانە دەستگیرکراون و هاووڵاتیانیش دڵنیادەکەنەوە لەوەی هیچ کەمتەرخەمییەک لە کارەکانیاندا نییە.
لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی دەست "ناس کورد" کەوتووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر (پێنجشەممە 3ی کانونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، " دوا بەدوای ئەوەی کە نەخۆشێک بۆ ماوەی 12 ڕۆژ خەوێندرابوو لە نەخۆشخانەی ڕزگاری کە تەمەنی (81) ساڵ بوو و باری تەندروستی ناجێگیربوو بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا ڕۆژی سێشەممە کاتژمێر 3:00 بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستی بە داخەوە گیانی سپارد."
ئاماژەی بەوەشكردووە، " پاش ئەوەی لەلایەن پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە ئەو پەڕی توانای خۆیان دەبەخشنە تووشبوانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە بەشێکیان بونەتە قوربانی ئەم ڤایرۆسە، لە بڕی ئەوەی کەسوکار و هاوەڵی نەخۆش سوپاسگوزاری ستافی تەندروستی بن بە هەڵسوکەوتێکی دوور لەبەهای ڕێزگرتن ئەرکی پیرۆزی کاری پزیشکی، هەڵسان بە ئەنجامدانی پشێوی و هەڵکوتانە سەر ستافی تەندروستی و شکاندنی کەلوپەل و ئەمبوڵانس لەنێو نەخۆشخانە و کە ئەنجامدەرانی کارەکە کەسوکاری کۆچکردوو بوون."
لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، دوای ڕووداوەکە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر لە ڕێگەی بەشی یاسایی سکاڵای لە و کەسانە تۆمارکرد کە هەڵیانکوتاوەتە سەر بەها پیرۆزەکانی نەخۆشخانە و دوای لێکۆلینەوە و بەدواداچوون بەبڕیاری دادوەر ئەنجامدەرانی کردەوەکە دەستگیرکران بەمادەی (٤٧٧) یاسایی سزادانی عێڕاق کە کوڕی کۆچکردوون.
تەندروستیی هەولێر دەڵێت، " لێرەوە هاونیشتیمانیان دڵنیادەکەینەوە کە پزیشکان و کارمەندان تا دەگاتە فەرمانبەران خزمەتێکی بەرچاو پێشکەش بە تووشبوانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەکەن و کە بەشێکیان بونەتە قوربانی ئەم ڤایرۆسە و گیانیان سپاردووە کە لە ئێستا ژماریان گەیشتۆتە 36 ستاف لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر."