گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەبری قەرز

زانیاری نوێ لەبارەى ڕاستی هاوسەرگیری پیاوێکی 42 ساڵ لەگەڵ کچە 13 ساڵێک

2020.12.02 - 15:04
زانیاری نوێ لەبارەى ڕاستی هاوسەرگیری پیاوێکی 42 ساڵ لەگەڵ کچە 13 ساڵێک

ناس کورد-
توندوتیژی دژی ژنانی هەولێر دوایین زانیاریی و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەبارەى کەیسی مەهدى ناسر ئەو پیاوەى دەوترا لە ناحیەى هەریرى سەربە پارێزگاى هەولێر کچێکى تەمەن 13 ساڵى لەبرى پێنج ملیۆن دینار قەرز وەرگرتووە و کردویەتى بە هاوسەرى خۆى ئاشکرا دەکات و داوای بەڵگەش لە هاووڵاتیان دەکات.

 

فەرمان محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی ژنانی هەولێر (2ی کانونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی راگەیاند، دوای ئەوەی کەیسی ئەو پیاوە 42 ساڵەی هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی تەمەن 13 ساڵان کردبوو لە بری قەرز "رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیمان کرا، ئەو کەسەمان بانگهێشتکرد و لێکۆڵێنەوەمان لە کەیسەکە کردووە بەڵام ناوبراو نکۆڵی کردووە ئەو هاوسەرگیری کردبیت و وتی، تەنها وێنەی لەگەڵ ئەوکەسە گرتووەو وێنەکە بەهەڵە بڵاوکراوەتەوە."

 


باسی لەوەشکرد، "ئێمە کەیسەکەمان دانەخستووە و داوامان کردووە هەر کەسێک بەڵگەی لەسەر هاوسەرگیری ئەو پیاوە هەیە لەگەڵ کچە 13 ساڵەکە ئاگادارمان بکاتەوە تاوەکو ئێمە رەوانەی دەستەی مافی گشتی بکەین و لەڕێگەی داواکاری گشتییەوە ڕێککاری پێویست بگیرێتەبەر."

 

پێشتر لێپرسراوی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ئافرەتان و خێزان لە شەقلاوە ڕایگەیاند، هاوسەرگیریی ئەو پیاوە تەمەن سەرو 40 ساڵەی لەگەڵ کچێکی تەمەن 13 ساڵ بڵاوکرایەوە، ڕاستە و ئەوە ژنی چوارەمییەتی کە هێناویەتی.

 

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا وێنەی هاوسەرگیریی پیاوێک لەگەڵ کچێکی تەمەن 13 ساڵ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و چەند بەیاننامەیەکیش دژ بەو کارە بڵاوکرایەوە، بەڵام دواتر ئەو کەسە لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا هەواڵەکەی بەدرۆخستەوە و ڕایگەیاند، ئەو کچە کچی هاوڕێیەکمە و باوکی بانگێشتی هاوسەرگیریەکەی کردووم.

 

لەوبارەیەوە ماڵپەڕی "نەوژین" کە تایبەتە بە ژنان لە زاری سەفین تاهیر، لێپرسراوی نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان لە شەقڵاوە، بڵاویکردووەتەوە: "بۆ ئەو حاڵەتە بەوردی بەدواداچوونم کردووە، ئەو کەسە سێ ژنی هێناوە، ئەمە ژنی چوارەمیەتی، ماوەی دوو ساڵە لەهەریرەوە چووەتە هەولێر لەوێ نیشتەجێیە."

 

سەفین تاهیر ئاماژەی بەوەشكردووە، پەیوەندی بەو کەسەوە کردووە و قسەی لەگەڵ کردووە، وەڵامەکی بەمشێوەیە بووە: "بەڵێ من هاوسەرگیریم لەگەڵ ئەو کچە کردووە، بەڵام تەنها پرۆسەی مارەکردنمان ئەنجامداوە، خیزانی کچەکە خەڵکی پارێزگای موسڵن و لە نەتەوەی عەرەبن، باوکی هاوڕێمە و پێی وتم، کچەکەی خۆمت پێدەدەم ئەگەر یەکتان بەدڵ بوو، دواتر یەکمان بینی بەدڵم بوو و هاوسەرگیریمان کرد".