گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دانیشتنەکان ڕادەگیرێت؟

ڕونکردنەوەیەک لە بافڵ تاڵەبانییەوە لەبارەى ڕاگرتنی دانیشتنەکانی پەرلەمان

2020.12.02 - 10:36
ڕونکردنەوەیەک لە بافڵ تاڵەبانییەوە لەبارەى ڕاگرتنی دانیشتنەکانی پەرلەمان

ناس کورد-

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی ڕەتی دەکاتەوە لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمی کوردستان ڕێککەوتبن لەسەر ڕاگرتنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگ.

 

نوسینگەی ڕۆژنامەوانی بافڵ تاڵەبانی لە ڕونکردنەوەیەکدا کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (2ی کانونی یەکەمی 2020) هەواڵێک ڕەت دەکاتەوە کە "لە كۆبونەوەی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە پەرلەمانی كوردستان لە ئێستادا كۆبونەوەكانی رابگرێت، تا بارودۆخی نێوانیان بەتەواوی ئاسایی دەبێتەوە."

 

باسی لەوەشکردووە، "سەبارەت بەھەواڵێکی بێ بنەما و ناڕاست، کە لە ھەندێ سایت و پەیجی بێخاوەن و باوەڕپێنەکراو بڵاوکراوەتەوە، بۆ ھەموولایەکی ڕووندەکەینەوە، ھەواڵی وەھا لەم شێوەیە ھیچ بنەمایەکی نییە، و لەو کۆبوونەوەیەدا بابەتی لەم شێوەیە بەھیچ شێوەیەک باسی لێوەنەکراوە."

 

جەختی کردووەتەوە کە "بۆ ڕای گشتی و میدیاکاران و میدیا بەرپرسیارەکانیش ڕوونیدەکەینەوە، ھەر بۆچون و ھەواڵێکی ڕەسمی لەکەناڵە مەرکەزییەکانی سەر بە مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لاپەڕەی ھاوسەرۆک بافڵ تاڵەبانی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاودەکرێتەوە، بەھای ھەواڵی ھەیەو زانیاری دروست و باوەڕپێکراون."

 

دوێنێ لە هەولێر، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستانی کرد و پێکەوە کۆبوونەوە.

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە لە پەیجی فەیسبوکی بافڵ تاڵەبانی دانراوە و ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (1ی کانونی یەکەمی 2020) دەڵێت، "لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان و لێکەوتەکانى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڤید_19 بەتایبەتى لە بوارى ئابووریدا، و قەیرانى دارایی کە دۆخێکى سەختى هێناوەتە ئاراوە و کاریگەرییەکى نەرێنى کردووەتە سەر ژیان و گوزەرانى هاووڵاتیان، کێشەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵى عێراق، و گفتوگۆ و هەوڵى چارەسەرکردنیان و چەند پرسێکى دیکەیان تاوتوێ کرد."

 

دەشڵێت، "هەردوولا جەختیان لە گرنگى و پێویستیى یەکڕیزى و تەبایى و هاریکاریى نێوان لایەن و پێکهاتەکانى هەرێمى کوردستان بۆ تێپەڕاندنى ئەم دۆخە و سەختییەکان و بەرەنگاربوونەوەى تەحەددییەکانى قۆناغەکە و داهاتوو کردەوە."