ناس كورد-
پەرلەمانتارێکى هاوپەیمانى سائیرونی موقتەدا سەدر ڕایگەیاند، زۆربەى لایەنە سیاسیەکان نایانەوێت لەکاتى دیاریکراودا هەڵبژاردن بکرێت چونکە "ئەوان کەشوهەوایەکى لەباریان دەوێت بۆ ئەوەى دەرفەتى ساختەکارى تێدا هەبێت."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕیاز مەسعودى، پەرلەمانتارى هاوپەیمانى سائیرون لە پەرلەمانى عێراق لە میانی چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ کەناڵی فەرمی عێراقییە کە ناس کورد بینیویەتی (1ى کانوونى یەکەمى 2020) ڕایگەیاندووە، خۆپیشاندانەکانى تشرینى ساڵى ڕابردوو داواى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختەى کرد بەمەبەستى گۆڕانکارى، مەرجەعیەت و زۆربەى لایەنە سیاسیەکانیش پشتیوانى ئەو داواکاریەیان کرد و هەروەها داواى نەخشە ڕێگایەکیان کرد بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکە.
ڕوونیشى کردووەتەوە، نەخشە ڕێگاکە لە گۆڕینى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان و ئامادەکردنى یاسایەکى نوێ بۆ کۆمسیۆن و یاسایى هەڵبژاردن خۆى بینیەوە و پەرلەمان هەموو ڕێکار و یاساکانى تەواو کردووە و ئێستا بەتەواوەتى تۆپەکە لە گۆڕەپانى حکومەتتدایە.
مەسعودى باسى لەوەش کردووە، گەرچى سەرۆک وەزیران کاتى هەڵبژاردنى پێشوەختەى دیاریکردووە کە شەشی حوزەیرانی داهاتووە، بەڵام زۆربەى لایەنە سیاسیەکان نایانەوێت لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردنەکە ئەنجامبدرێت چونکە دەیانەوێت لە کەشودۆخى هەڵبژاردندا دەرفەتێکى نمونەییان هەبێت بۆ ئەنجامدانى ساختەکارى و دانانى بەربەست و چەند کارێکى ترى حزبى بۆ ئەوەى کورسیەکانیان لەو ڕێگانەوە مسۆگەر بکەن.