گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دانوستانەکان بەردەوامن’’

ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەبارەى بودجە ’’لە ئانوساتدایە’’

2020.12.02 - 08:55
ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەبارەى بودجە ’’لە ئانوساتدایە’’

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکى پارتی لە بەغدا ڕایگەیاند، هەرێم و بەغدا لە دانوستانەکانیان بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکى نوێ لەبارەى پڕۆژەیاسای بودجەى ساڵى داهاتوودا بەردەوامن بەتایبەت لەسەر داهاتى خاڵە سنورییەکان و فرۆشتنى نەوتى هەرێم.

 

لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەى سەباحی فەرحی حکومەتی عێراق کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە، دیار بەروارى، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق (2ى کانوونى یەکەمى 2020) ڕایگەیاندووە، دانوستانی نێوان لایەنە سیاسیەکان لە هەولێر و بەغدا بەردەوامە بۆ ئەوەى بگەنە ڕێکەوتنێکى نوێ وەکو ئامادەکارییەکى بنەڕەتى لە مادەکانى بودجەى ساڵى 2021 کە لەو پڕۆژەیەدا پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و فیدراڵ ڕێکدەخاتەوە.


ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، گەیشتن بە ڕێکەوتنى هەرێم و بەغدا پێویستى بەوەیە هەولێر پابەند بێت بە ڕادەستکردنەوەى پارەى ئەو نەوتەى کە فرۆشراوە لەگەڵ ڕادەستکردنى داهاتى خاڵە سنورییەکان بە بەغدا، ئەوەش پرەنسیپ و بڕگەکانى بودجەى ساڵى 2020ە.



بەروارى دەشڵێت، دواخستنى ڕەوانەکردنى پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن حکومەتەوە دەبێتەهۆی پەکخستنی زیاتر و پەرلەمانی نەتوانێت پێش سەری ساڵ پەسەندی بکات، ئەوەش بەهۆى ئەو گرفتە زۆرانەى کە حکومەتى فیدراڵ لە وەزارەتەکانى دارایى و پلانداناندا هەیەتى و ئەو دوو وەزارەتەش هەوڵى تەواوکردنى پڕۆژە بودجەکە دەدەن.



ئەو پەرلەمانتارە داواشى لە حکومەت کرد پابەندبێت بە بەڵێن و کاتەکانەوە.

 

قسەى ئەو پەرلەمانتارە لەکاتێکدایە، دوێنێ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەیزرانی هەرێم جەختی کردەوە کە "لە ماوەیەکی نزیکدا شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات" بۆ دانوستانەکان.

 

بەڵام جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتی، "هەرکات حکومەتى هەرێم بە پێویستی زانی، ئەوە شاند ڕەوانەى بەغدا دەکات."

 

هاوکات بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکى پەرلەمانی عێراق لە نوسراوێکدا داوا لە هەرێم دەکات بەپەلە شاندێکی ڕەوانەى بەغدا بکات بۆ دانوستاندن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەى ساڵی داهاتوو کە بڕیارە بەم نزیکانە بگاتە پەرلەمان بۆ تاوتوێکردن و پاشان پەسەندکردنی.