گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆ چارەسەری کێشەکان

پەرلەمانی عێراق داوا لە هەرێم دەکات شاندێک بنێرێت

2020.12.01 - 22:00
پەرلەمانی عێراق داوا لە هەرێم دەکات شاندێک بنێرێت

ناس کورد-

بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات شاندێک ڕەوانەی بەغدا بکات بۆ ئەوەی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەت فیدراڵ بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (1ی کانونی یەکەمی 2020)، بەشیر حەداد رایگەیاند، ”کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە چارەسەر دەکرێن و هیچ رێگەیەکی دیکە جگە لە کۆبوونەوە لەسەر مێزی دانوستاندن نییە بۆ ئەوەی چارەسەری کێشە کەڵەکە بووەکان بکەن.”


داواش لە حکومەتی هەرێمی کودستانیش دەکات "شاندێکی هونەری و سیاسی ڕەوانەی بەغدا بکەن تاوەکو لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆ و دانوستان بکەن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک لەمەڕ کێشە سیاسی و داراییەکان، بەتایبەت کێشەی نەوت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان."


حەداد ئاماژەی بەوە دەکات کە لە "داهاتوویەکی نزیکدا پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 دێتە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، بۆیە پێش ئەوە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان شاندێک رەوانەی بەغدا بکات و لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بگەنە رێککەوتنێک و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە نێو ئەو پرۆژە یاسایەدا جێگير بکرێت."

وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەڵێت، هەرکاتێک حکومەت بە پێویستى زانى ئەوا شاندى دانوستانکارى هەرێمى کوردستان دەچێتە بەغدا.  

 

جوتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان دواى کۆبونەوەى لیژنەى باڵاى ڕوبەڕوبونەوەى کۆرۆنا (1ى کانونى دووەمى 2020) لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا کە ناس کورد بینیوەیەتی وتى، بەمنزیکانە حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر بابەتى موچە کۆدەبێتەوە و بڕیارى گونجاو لەو بارەیەوە دەدات.  

  

سەبارەت بە چوونى شاندى دانوستانکارى هەرێم بۆ بەغداش هێماى بۆ ئەوەکرد، بڕیارمانداوە هەرکاتێک بە گونجاو زانرا شاندى دانوستانکارى هەریم بچێتە بەغدا، ئەویش لەکاتێکدا لە بەرژەوەندى خەڵدا بێت.  

  

هەرچى سەبارت بە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى ساڵى داهاتووى عێراق وتى، ئێمە داواى مافەکانى خەڵکى هەرێممان کردوە کە 17%یە، ئەم بابەتەش بەردەوام گفتوگۆى لەسەر دەکرێتەوە و وەک حکومەت تەئکید دەکەینەوە لەسەر مافە دارایى و دەستوریەکانى هەرێم.