گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیامێک لە گۆڕانەوە بۆ پارتی

پەیامێک لە ناو خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕانەوە بۆ پارتی: پۆستەکانمان لێوەربگرنەوە

2020.12.01 - 21:25
پەیامێک لە ناو خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕانەوە بۆ پارتی: پۆستەکانمان لێوەربگرنەوە

 ناس کورد-

ئەندامێکی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان پەیامێکی ئاڕاستەی پارتی کرد و ڕایگەیاند، "منەتی چیمان بەسەردا دەکەن وەکو جاری پێشوو دەرتان کردین ئەمجارەش هەموو پۆستەکانمان لێوەربگرنەوە، دەشڵێت، ماوەیەکی دیکە ئەوەی ڕەخنە بگرێت دەیخەنە خانەی نیشتیمان فرۆشیەوە.

 

شەماڵ عەبدولوەفا، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان لە فەیسبوکی فەرمیی خۆی لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی و بەشداریان لە حکومەت پەیامێکی بڵاوکردەوە و هەژماری فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕانیش لە فەیسبوک نوسینەکەی بڵاوکردووەتەوە.

 

لە پەیامەکەیدا شەماڵ عەبدولوەفا کە ئاڕاستەی پارتی کردووە ڕایگەیاند، "منەتی چیمان بەسەردا دەکەن، وەکو جاری پێشوو دەرتان کردین لە حکومەت و پەرلەمان، ئەمجارەش ھەموو پۆستەکانمان لێ وەربگرنەوە، گەر خێرتان پێ کردوین بیبەنەوە بۆ خۆتان."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، " دڵگرانیش نابین رەخنەش ناگرین پرسیاریشتان لێ ناکەین، بەڵام بە مەرجێک حکومەت داری بکەن نەک دەسەڵات داری، شەفاف بن ، یەک گووتاری سیاسیتان ھەبێت بەرامبەر بە تورکیا و ئێران و سوننە و شیعە، یەک ھێزتان ھەبێت ، نەک جگە لە (٧٠ ، ٨٠) ئێستا ھێزی تاکەکانیش پەیدا بوون، بازاڕ ئازاد بکەن نەک بیکەنە بازاڕی قەتران ."

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان دەشڵێت، "لە یەک ھاوکێشە تێ بگەن موچە دان خزمەت نییە سەرەتاترین ئەرکی حکومەتە کە ئێوە دەڵێن ھەر مووچە دان خزمەت نییە،تکایە مەمان  بەنەوە بۆ سەردەمی چاڵدێرانی گەورە."

 

شەماڵ عەبدولوەفا لە چوار خاڵدا بەراوردکارییەکی کردووە و نوسیویەتی، ئێوە گفت و پەیمانتاندا کە:

 

١- ریفراندۆم بکەن و بچین بەرەو کیانێکی سەربەخۆ، کەچی ئێستا ھەموو بۆنی دوو ئیدارەیی دەکەین.

 

٢-ھەموو قەرز و مووچەی فەرمانبەران بدەنەوە، کەچی خەریکە مووچە دەبێتە ترافیک لایت و دەمان بەنەوە بەرەو ئەوەی دەست لە بەغداد پان کەینەوە.

 

٣-ئازادی زیاتر فەراھام بکەن ، کەچی خەریکە دەست دەنێنە بینە قاقای ئازادی و دەیخنکێنن .

 

٤- بازاڕ رێک بخەنەوە و بیدەنە دەست حکومەت و خەڵک ، کەچی ھەردوولاتان خەریکن بازار دەبەنەوە بۆ ماڵی خۆتان .

 

لە کۆتایی نوسینەکەیدا شەماڵ عەبدولوەفا دەڵێت، "کە ئەمە سیاسەت و کردارتانە، بۆچی بە رەخنە قارس دەبن ؟ سەری دنیاتان لێ یەتەوە یەک، ماوەیەکی تر ئەوەی رەخنەتان لێ بگرێ دەیخەنە خانەی نیشتیمان فرۆشیەوە."