ناس کورد-
ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لەبارەى دەنگۆی پەیامی هەڕەشەئامێزی پارتی بۆ بزوتنەوەکە دەڵێت، زمانی هەڕەشە و فشار لەگەڵ گۆڕاندا ناگاتە ئەنجام.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هۆشیار عومەر، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئێن ئاڕ تی کە ناس کورد بینیویەتی (1ی کانونی یەکەمی 2020) دەڵێت، "ئەو بابەتە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نییە و هیچ پەیامێک لە پارتییەوە نەدراوە بە گۆڕان."
دوێنێ لەدوای هەراکەى پەرلەمانی کوردستان و ڕاگەیەنراو و قسەى پەرلەمانتارانی گۆڕان و بەشێک لە بەرپرسان لەدژی حکومەت و پارتی، بزوتنەوەى گۆڕان ڕاگەیەنراوێکی دەرکرد و ڕایگەیاند، "ههڵوێستی فهرمی لەلایەن بزوتنهوهی گۆڕانەوە بڵاودهكرێتهوه و، ههموو لێدوان و دهربڕینێكی دیكهی سیاسیی كه لەلایهن بهرپرسانی حیزبی و حكومی و پهرلهمانتارانهوه بۆ میدیاكان دهدرێت، گوزارشت له ڕای فهرمی بزوتنهوهی گۆڕان ناكات."
بەشێک لە بەرپرسانی گۆڕان سەرسوڕمانی خۆیان لە ڕاگەیەنراوەکە دەربڕی و هەڵوێستی جیاوازیان دووپاتکردەوە و پشتگیری پەرلەمانتارانی بزوتنەوەکەیان کرد، یوسف محەمەد سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق لە لاپەڕەى خۆى لە فەیسبوک (30ی تشرینی دووەمی 2020) کە "ناس کورد" بینیویەتى نوسیویەتى، بەیاننامەکەى گۆڕان لەژێر فشارى پارتیدا دەرکراوە، کە تێیدا بزوتنەوەکە خۆى بێبەریکرد لە هەڵوێستى پەرلەمانتار و بەرپرسەکانى.
بەڵام هۆشیار عومەر بوونی هەڕەشە لەسەر بزوتنەوەکە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت، هیچ جۆرێک فشار نەبووە، "ئەوە ڕوون بێت، هەم بۆ خەڵکی کوردستان، هەم بۆ گۆڕانخوازان و هەمیش بۆ پارتی، زمانی هەڕەشە و فشار لەگەڵ گۆڕاندا ناتگەیەنێتە ئەنجام."