گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

بەریتانیا هاتە سەر هێڵی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا

2020.12.01 - 15:18
App store icon Play store icon Play store icon
بەریتانیا هاتە سەر هێڵی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا

ناس کورد-

لەمیانى پێشوازیکردنى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە شاندێکى باڵاى بەریتانیا، ئەو وڵاتە ئامادەیى خۆیان دەربڕى بۆ هاوکاریکردن لەچارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

لە راگەیەندراوێکى نوسینگەى ڕۆژنامەوانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە (1ى کانونى یەکەمى 2020) ئاماژە بەوە کراوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئە‌نجومە‌نی وزیران، پێشوازی لە شاندێكی بەریتانی کرد كە لە جەیمس کلیڤەلی وەزیری دە‌وڵە‌ت بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و ستیفن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پێكهاتبوو.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا جەیمز کلیڤەلی، خواستی حکومەتی بەریتانیای بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی کلتوری و گەشتوگوزار و بازرگانی خستەڕوو. لەلای خۆشییەوە، قوباد تاڵەبانی پێشوازیی لەم بیرۆکەیە کرد و ئامادەیی بۆ هاوكاری و هەماهەنگی دەربڕی.

 

راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، لە بارەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغداش قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمدا کە ئامادەیە بە بەپێی دەستور هەموو کێشەکانی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی چارەسەر بکات و راشیگەیاند بڕیاریان داوە بەم نزیکانە شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدا بکات.

 

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتگیریی خۆی بۆ حکومەتی هەرێم دەربڕی و ئامادەی وڵاتەکەشی نیشاندا هاوکاری هەرێم و بەغدا بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان. راشیگەیاند چارەسەرنەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە هەموو عێراق و ناوچەکە. جەختیشی کردەوە کە نابێت پرسی بودجە و موچەی هەرێم لە بەغدا بە سیاسی بکرێت و لایەنە عێراقییەکان ئەم بابەتە وەک کارتێکی سیاسی بۆ دژایەتیکردنی هەرێمی كوردستان بەكاربهێنن.