گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرەداوەکان

ئێران زانیارى لەسەر ئەو چەکە ئاشکرادەکات کە زانا ئەتۆمییەکەى پێ کوژرا

2020.11.30 - 23:51
ئێران زانیارى لەسەر ئەو چەکە ئاشکرادەکات کە زانا ئەتۆمییەکەى پێ کوژرا

ناس کورد-

بەرپرسانی ئێران ئاشکرایانکردووە، ئەو چەکەى زانا ئەتۆمییەکەى پێ کوژراوە دروستکراوى ئیسرائیلە و گروپی موجاهیدن خەلقیش لە کۆشتنەکەدا تێوەگلاون.

کەناڵى تەلەفزیۆنى (پرێس) ى ئێرانى ( 30ی تشرینی دووەمی 2020)  کە" ناس کورد" بەدواداچوونی بۆکردووە بڵاویکردووەتەوە "ئەو چەکەى لە شوێنى کوژرانى موحسین فەخرى زادە زاناى ئەتۆمى ئێران دۆزراوەتەوە، تایبەتمەندى پیشەسازى سەربازیى ئیسرائیلى تێدایە".

 

لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی موحسین فەخریزادە، عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی باڵای ئێران، ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبارکرد کە بە بەکارهێنانی ئامێری چەکی ئەلیکترۆنی کۆنتڕۆڵکراو لەمەودایەکی دوورەوە زانا ئەتۆمییەکەیانی کوشتووە.

 

شەمخانی وتیشى "ئۆپەراسیۆنەکە زۆر ئاڵۆزبووە و بە بەکارهێنانی ئامێری چەکی ئەلیکترۆنی ئەنجامدراوە، گروپی (موجاهیدینی خەلق) رۆڵیان هەبووە لەوکارەدا".

 

ئەوەی خستووەتەڕوو، "کەس لە شوێنی رووداوەکە نەبووە، بەڵام هەندێک سەرەداوهەن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەی رێکخستووە بۆ ئێمە ئاشکرایە کێیە و پێشینەی چییە. بە دڵنیاییەوە دووڕووەکان دەستیان لە کارەکەدا هەبووە، بە دڵنیاییەوە تاوانباری ئەم کردەوە مۆساد بووە".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتادا بەرپرسانی ئێران ئاماژەیان بەوە کرد، بارهەڵگرێک تەقیوەتەوە و دواتر چەند چەکدارێک دەستڕێژی گولـلەیان لە فەخریزادە کردووە و کوشتوویانە.

 

رۆژی ( هەینی) ڕابردوو موحسین فەخریزادە، کەبە باوکی ئەتۆمی ئێران دادەنرێت، لە شارۆچکەی ئابسەردی تاران لە هێرشێکدا کرایە ئامانج و کوژرا.

 

رووداوەکە کاردانەوەیزۆرى لێکەوتەوە و ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کرد، دوای ئەو پەیامانەش، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەموو لایەک کرد دانبەخۆیاندا بگرن وهیچ هەنگاوێک نەگرنەبەر کە ببێتە هۆی هەڵچوون.