گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شادی نەوزاد: سەرۆکى فراکسیۆن هەڕەشەى دەرکردم لێ دەکات

2019.05.15 - 22:44
شادی نەوزاد: سەرۆکى فراکسیۆن هەڕەشەى دەرکردم لێ دەکات
ناس کورد- شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە ڕونکردنەوەیەکدا دەڵێت، کازم فاروق، سەرۆکى فراکسیۆنەکەى لەبری ئەوەى بەرگریی ئەخلاقی و یاسایی و پیشەیی لە ئەندامانى فراکسیۆنەکەى بکات کەچی لەڕێگەى دادنوسەوە نامەیەکی هەڕەشە ئامێزی ئاڕاستەکردووە و هەڕەشەى دورخستنەوەى دەدات. . شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری نەوەى نوێ لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوک نوسیویەتى، "پێم گرنگە ڕای گشتیی کوردستان لە هەڵوێستێکی نایاسایی و هەرەشەئاسا لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ "کازم فاروق"، بخەمەروو، کە لەبری ئەوەی وەک سەرۆکی فراکسیۆن، بەرگریی ئەخلاقی و یاسایی و پیشەیی لە ئەندامانی فراکسیۆنەکەی بکات و بەگژ ئەوانەدا بچێتەوە، کە هەرەشە لە ئەندامانی فراکسیۆنەکەی دەکەن و بوختانیان بۆ دەکەن، هەروەکچۆن بە بەرچاوی خۆیەوە، هەرەشە لە ئەندامانی فراکسیۆنەکەمان و خودی خۆشی کراوە و ئەویش لەژێر هەرەشەی ئەو باندە سیاسییەدایە و لە کۆبوونەوەی ئەمدواییەی فراکسیۆنەکەشماندا ئەم هەڕەشانەی نەشاردووەتەوە، کەچی زۆر نابەرپرسانە و لەرێگەی دادنوسەوە، نامەیەکی نایاسایی و هەڕەشەئامێزی ئاراستەکردوم و هەرەشەی دورخستنەوەم لە فراکسیۆن لێدەکات ئەگەر بێتوو بەشداری کۆبونەوەی فراکسیۆنەکەمان لە ئۆفیسی سەرەکی "نەوەی نوێ"دا نەکەم." . شادی نەوزاد دەشڵێت، "ئەمە لە کاتێکدا ئەو جێگایە بۆ من و چەند ئەندامێکی تری فراکسیۆنەکەمان جێگای متمانە نیە. دواتر خۆ ئێمە فیرارمان نەکردووە و لە ئەشکەوت خۆمان نەشاردۆتەوە تا سەرۆکی فراکسیۆن بچێت لە رێگەی دادنوسەوە ھەڕەشە بکات و داوای کۆبوونەوە لە شوێنێکی گوماناوی نائەمین بکات." . ئاماژەى بەوەشکردووە، "من بە رای گشتی کوردستانی رادەگەیەنم، سەرۆکی فراکسیۆنێک هێندە نەزان بێت بەرامبەر یاسا، لەرێگای دادنوسەوە هەرەشە لە پەرلەمانتاریک بکات و هێندە بێ هەڵوێست بێت بەرگری لە هاوپیشەکانی نەکات، کە لە لایەن سەرۆکی حزبەکەوە کراوینەتە ئامانج، ئەی چۆن بەرگری لە هاوڵاتیان دەکات لە بەرامبەر دەسەڵاتدا؟"