گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

موەلیدەکان ئاگادار دەکرێنەوە

بەرنامەى دابەشکردنى کارەبا لە سلێمانى تێکدەچێت

2020.11.30 - 17:25
App store icon Play store icon Play store icon
بەرنامەى دابەشکردنى کارەبا لە سلێمانى تێکدەچێت

ناس کورد-

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی رایگەیاند، بەرنامەى دابەشکردنى کارەبا لە گەڕەكەكانی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی تێکچووە و داواى کارپێکردنى مۆلیدەکان دەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕاگەیاندنی بەرێوەبەرایەتییەکە لە ئاگادارییەکدا کە وێنەیەکی دەست "ناس کورد" کەوتووە (30ی تشرینی دووەمی 2020) دەڵێت، سوتانی یەكێك لە محاویلە گەورەكانی وێستگەی باشور (هوانە) بووەتە هۆی تێكچوونی بەرنامەی پێدانی كارەبا لە گەڕەكەكانی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی (ڕۆژهەڵات، قڕگە، قەرەتۆغانی نوێ، ئیبراهیم ئەحمەد، وڵوبە، شێخ عەباس، قەرەتۆغان) كە بەپێی ئەو پلان و بەرنامەیەی لە بەرێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵەوە دادەنرێت بۆ پێدانی كارەبای نیشتمانی و بەرنامەی كارەبای موەلیدە، ناتوانرێت وەك پێویست و وەك گەرەكەكانی دیكە بەرنامەی كارەبای نیشتمانی و موەلیدە لەو ناوچانە جێبەجێ بكرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، "بە هەموو موەلیدەكانی سنوورەكە رادەگەیەنین بەدەر لەبەرنامەی كارەبای ئاسایی هەر بڕینێكی كارەبای نیشتمانی لە سنوورەكەدا ڕووبدات دەبێت موەلیدەكانیان كارپێبكەن و هاووڵاتیان بێ كارەبا نەكەن و مافیان پارێزراو دەبێ لەم بابەتەدا بەسەرپەرشتی تیمەكانی موەلیداتی بەرێوەبەرایەتی گشتیمان".

 

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بریارە مانگی داهاتوو بڕی کارەبای  بەرهەمهێنراوی نیشتیمانی نزیکەی 300 مێگاوات زیاد بکرێت، دەشڵێت، لە ئیستادا نزیکەی 120 مێگاوات کارەبا هەناردەی ناوچەکانی خوارووی عێراق دەکەن.  

  

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "ناس کورد" (یەکشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2020) ڕایگەیاند: "بڕیارە لەسەرەتای مانگی داهاتوودا ڕێژەی کارەبای نیشتیمانیی زیاتر بکرێت بە جۆرێک ئاستی بەرهەمهێنان لەسێ هەزار و400 مێگاوات بەرزبکرێتەوە بۆ سێ هەزار و 700 مێگاوات".  

  

وتیشی: "بەهۆی هاتنی وەرزی سەرماوسۆڵەوە، وەزارەتی کارەبا بڕیاریداوە پارێزگاری لە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بکات و خواستی هاونیشتیمانیان لە کارەبا لەم وەرزدا پڕبکاتەوە، بۆیە  بڕیاردراوە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا نزیکەی 100 مێگاواتی دیکە بۆ تۆڕی نیشتیمانی زیاد بکات".  

  

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ لە کۆبوونەوەی وەزارەتدا بڕیار لەسەر چەند ڕێکارێک دەدرێت کە پێشبینی دەکرێت ببێتە بە مایەی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەهێنانی کارەبای نیشتیمانی، دەشڵێت: "  پێشبینی دەکەین ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەرزبکرێتەوە بۆ نزیکەی سێ هەزار و 700 مێگاوات".  

  

لەبارەی پێدانی کارەبا بە حکومەتی فیدڕاڵی وتەبێژی وەزارەتی کارەبا وتی: " لە ئێستادا هەرێم نزیکەی 120مێگاوات کارەبا هەناردەی عێراق دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی حکومەتی فیدڕاڵی لەسەر بودجەی خۆی سوتەمەنی بۆ ئەو یەکەیە دابینکردووە، ئەگەر حکومەتی عێراق داوای ڕێژەیەکی زیاتر لە تەزووی کارەبا بکات ئەوا دەبێت خۆی تێچووەکەی بگرێتە ئەستۆ و نابێت بەهێچ شێوەیەک کاریگەری هەبێت لەسەر پێداویستییەکانی هاووڵاتیانی هەرێم".