گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بژاردەى دیکەش 

هەرێم چاوى لە 17%ى ڤاکسینەکەى بەغدایە

2020.11.29 - 22:29
هەرێم چاوى لە 17%ى ڤاکسینەکەى بەغدایە

ناس کورد-

وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان جەختدەکاتەوە کە پشکى هەرێم لە ڤاکسینى چاوەڕوانکراو پارێزراوە، لەو 10 ملیۆن پێکوتەیەى کە عێراق هەوڵى بەدەستهێنانى دەدات.

 

ئاسۆ حەوێزى، وتەبێژى وەزارەتەکە (29ى تشرینى دووەمى 2020) بە "ناس کورد" ى راگەیاند، عێراق لەگەڵ دامەزراوەى کۆڤاکس قسەیکردووە و یەکێکە لەو وڵاتانەى لە لیستى ئەوانەدایە کە یەکەمجار ڤاکسینەکەیان پێدەگات.

 

وتیشى "پشکى هەرێم لەو ڤاکسینە پارێزراو دەبێت، رێکخراوى تەندروستى جیهانى خۆیان سەرپەرشتى ئەو بابەتە دەکەن".

 

ئاسۆ حەوێزى رونیکردەوە، پشکى هەرێم لەو 10 ملیۆن پێکوتەیەى ڤاکسین کە عێراق هەوڵى بەدەستهێنانى دەدات دەبێت 17% بێت، بەڵام تا ئێستا وردەکاریی پڕۆسەکە دیار نییە بەتایبەت کە بەشێوەى وەرزى دەبێت یاخود هێنان و گواستنەوەى چۆن دەبێت.

 

جەختیشیکردەوە، حکومەتى هەرێم بەوردى چاودێرى بارودۆخەکە دەکات، ئەگەر بەشەکە کەم بوو بۆ دانیشتوانى هەرێم، دەستەوەستان راناوەستن و راستەوخۆ کاردەکەن بۆ دەستخستنى و هەرێم دەتوانێت راستەوخۆ بەدەستی بهێنێت.

 

پێشتر حەسەن خەلاتى، ئەندامى لیژنەى تەندروستى لە پەرلەمانى عێراق لەمیانەى بەرنامەیەکى تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بینیوویەتى (24ى تشرینى دووەمى 2020) ڕایگەیاندبوو، لەدواى ئەوەى لەلایەن ڕێکخراوى تەندروستى جیهانییەوە پەسەند دەکرێت دەست دەکرێت بە کڕینى ڤاکسینى دژە کۆرۆنا و هیوایەکى زۆر هەیە بەوەى کە بەر لە کۆتایى ئەمساڵ عێراق 10 ملیۆن ڤاکسینى دژە کۆرۆنا بەدەستبهێنێت و بەکارهێنانى ڤاکسینەکەش لەسەرەتاى ساڵى داهاتوو دەستپێدەکات.